عەلوەی سلێمانی: بۆ رۆژانی جەژن سەوزەیەكی زۆر هاوردە كراوە

  • بەرپرسی عەلوەی سلێمانی رای دەگەیەنێت، سەوزە و میوەیەكی زۆر هاوردە كراوە بەهۆی جەژنەوە، بەراورد بە رۆژانی ئاسایی دوو هێندە و سێ هێندە میوە هاوردە كراوە، دوو رۆژە سەتان تۆن میوە و سەوزە خراوەتە بازاڕەكانەوە تا رۆژانی جەژن كەمی روو نەدات.

سەروەر عەلی بەرپرسی عەلوەی سلێمانی، راگەیاند، سەڵانە پێش جەژن خواست لەسەر سەوزە و میوە و پێویستییەكان زۆر دەبێت، ماوەی دوو رۆژە بازرگانانی سەوزە و میوە، داواكارییەكانیان زیاتر كردووە بۆ هاوردەكردن ئەو سەوزە و میوانە.

هەروەها وتی، دوو رۆژ پێش جەژن بڕێكی زۆر لە سەوزە و میوە لە مەرزەكانەوە هاوردەی سنووری پارێزگای سلێمانی كراوە و هیچ گرفتێكی كەمی روو نادات، چونكە یەكەم رۆژی جەژن مەرز نابێت و هاوردە نابێت، بەڵام ئەوەندە هاوردە كراوە كە تا سێیەم رۆژی جەژن هیچ گرفتكی سەوزە و میوە نابێت.

باسی لەوەش كرد، دوو رۆژە زۆرترین سەوزە و میوە دەخرێتە بازاڕەوە، رۆژی عارفەش بڕێكی تر خرایە بازاڕەوە، بەهۆی رۆژانی جەژن سەتان تۆن لە سەوزە و میوە هاوردە كراوە، لە هەر سەوزە و میوەیەك بەراورد بە رۆژانی ئاسایی، دوو هێندە و سێ هێندە هاوردە كراوە.

جەمیل عەزیز بازرگانی میوەیە راگەیاند، لە رۆژانی جەژندا میوە خواستی زۆری لەسەر دەبێت و دەبێتە خۆراكێكی سەرەكی، بازرگانان بۆ ئەوەی گرفتی كەمیی میوە دروست نەبێت، زۆرترین میوە هاوردە دەكەن بۆ ئەوەی بەشی چەند رۆژی جەژن بكات و لە بازاڕەكاندا كەم نەبێتەوە.

لە رۆژانی جەژندا خواست لەسەر خۆراكەكانی سەوزە و میوە بە رێژەیەكی زۆر خواستیان لەسەر دروست دەبێت، هاووڵاتییان گرنگی بە میوەكان دەدەن.