شاندی پارێزگای سلێمانی لە سنە ژمارەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامدا

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، “ئەمڕۆ لە شاری سنە، ژمارەیەک کۆبونەوەمان ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێزان، پارێزگاری کوردستان و ژووری بازرگانی و بەڕێوبەری گومرگی ئەو پارێزگایە کۆبوینەوە”.

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبونەوەکاندا ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ئامادەبوون و کێشەکانی دەروازە سنوریەکان و ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی مەزارەکانی شیعە دەکەن لە عێراق و سەبارەت بە فروانکردن و گەشەکردنی جوڵەی بازرگانی و باری ترانزێتی لە دەروازەی باشماخ و درەوازەکانی دیکەی ھەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆ کرا”.

دوێنی ٢٠٢٣⁄٥⁄٣١، پارێزگارەکانی ھەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەبەرخۆکان و شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک، لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد.

سەردانەکە لەسەر بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و مەبەستی زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی و کلتوری و گەشتیارییەکانی ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

 شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێکھاتووە لە بەڕێزان سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆک، و ئازاد عەبدولکەریم، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور.