پرۆژەى پریپەید بۆ دوکانەکانى ناو بازاڕى سلێمانى دەستیپێکرد

پرۆژەى پریپەید بۆ دوکانەکانى ناو بازاڕى سلێمانى دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیش دەڵێت،”%50ى دوکانەکان ئامێرى کارتى کارەبایان وەرگرتووە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردووەتەوە،”ماوەى چەند رۆژێکە لە ناو بازاڕى سلێمانى دەستکراوە بە جێبەجێکردنى پرۆژەى بە پریپەید (کارت)کردنى کارەباى زۆنى یەکەمى ناوبازاڕى سلێمانى کە دەکەوێتە سەنتەرى ناو بازاڕ و لە فلکەى مامەڕیشە دەستپێدەکات تا دەگاتە فولکەى دەستەکە و پاشان شەقامى قەنات تا نەخۆشخانەى عەلى کەمال پاشان دێتە خوارەوە بۆ خوار فولکەى خانەقا لاى تایەفرۆشەکان پاشان دووبارە تا فولکەى مامەڕیشە، واتە کۆى ئەو بازاڕو دوکانانە دەگرێتەوە”.

ئاماژە بەوەشدراوە،”سەرەتا ئامێرى (CIU) دەدرێت بە خاوەن دوکانەکان بۆ پڕکردنەوەى باڵانسى کارەبا و زانینى هەر زانیارییەکى دیکەى پێویست”.

ئەوەشخراوەتەڕوو،”بە پێى ئەو پلانەى دانراوە، لەو زۆنەى ناو بازاڕ کە کارەباکەیان دەبێت بە پریپەید، کارەبایان دەبێت بە بەردەوام و لە ئەمڕۆوە موەلیدەیان نامێنێت”.