رێکەوتی 2026/6/27، نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە دیداری «ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئاشتی بەردەوام» کرد، کە بە هاوبەشی لەلایەن پەیمانگای پێشکەوتنی دیموکراسی (DPI)، ژووری بازرگانی و پیشەسازی جزیرە و ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، لە کوردستانی باکور ڕێکخرابوو.
شاندی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتبو لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکان، پێکهاتبوو لە نەوزاد غەفور ڕەباتی و شێخ تاهیر، جێگرانی سەرۆکی یەکێتی ژوورەکان، هەروەها شوکری جەمیل و هەڤراز بەهجەت، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ژوورەکان، لەگەڵ کامەران محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر.
لە ماوەی دیدارەکەدا، باس و گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی گەشەپێدانی ئابووری و کەرتی تایبەت لە پشتگیری ئاشتی، جێگیرکردنی گەشەی درێژخایەن، هەروەها دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان و دروستکردنی هەلی کار کرا.
لە دیدارەکەدا، نەوزاد غەفور ڕەباتی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی ژوورە بازرگانییەکان لە پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئابووری جێگیر و بەهێز.
ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکاریی نێوان ژوورە بازرگانییەکان و کەرتی تایبەت دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی وەبەرهێنان، گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان.
هەروەها لە کۆتایی وتەکەیدا، داوای دامەزراندنی کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ڕێگرییە بازرگانییەکان، ئاسانکاریکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پشتگیری لە گەشەی هاوبەشی ئابووری لەنێوان هەردوو لا.
لە دیدارەکەدا کەریم یلدز، بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگای پێشکەوتنی دیموکراسی (DPI)، عومەر فاروق یلدریم، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی جزیرە، مەحمەت کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە بازرگانان، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربوون.







