سەرۆکی شارەوانی سلێمانی: خاوەنی بەنزینخانەکان 800 ملیۆن دینار قەرزیان گەڕاندووەتەوە

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، لە دوای ئەو دوایین ئاگادارکردنەوەیەی بۆ خاوەن بەنزینخانەکان دەرچوو سەبارەت بە دانەوەی قەرزەکانیان بڕی 800 ملیۆن دیناریان گەڕاندووەتەوە کە بەشێکی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە خەرجدەکرێتەوە.

لەیلا عومەر عەلی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، “تەنها بودجە کە هەمانبێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی، داهاتی %15ی شارەوانیی سلێمانییە، کە لەو ژمارەیەش تەنها %8 ی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانە، ئەوی دیکەی بۆ هاندانی کارمەندان خەرجدەکرێت”.

وتیشی، “جێگەی خۆشحاڵییە بەو بودجە کەمەی کە هەمانە، ئەم هاوینە سێ بەشی پلانەکانی ئەمساڵمان جێبەجێکردووە، بە پرۆژەی کۆنکرێت و قیرکردن و سەوزکردنی شاریشەوە”.

سەبارەت بە قەرزی سەر خاوەن بەنزینخانەکان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، “لەماوەی رابردوودا چانسێکمان دا بە خاوەن بەنزینخانەکان، ئەوە بوو هەندێکیان پابەندبوون و هەندێکی دیکەیان پابەندنەبوون، بۆیە ئاگادارکردنەوەیەکی دیکەمان بۆ دەرکردن بەوەی ئەوەی پابەند نەبێت بەنزینخانەکەی دادەخرێت، هەر بۆیە لە دوای ئەو ئاگادارییەوە توانیمان بڕی 800 ملیۆن دینار کۆبکەینەوە، لەو پارەیەش وەک باسم کرد تەنها رێژەیەکی کەمی بەکاردێتەوە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان”.

هاوکات سەبارەت بە دۆسیەی تەرخانکردنی زەوی بۆ رێکخراوێک و بەکارهێنانی زەوییە بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی لەلایەن رێکخراوەکەوە، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاشکرای کرد، “بە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی تەرخانکردنەکە هەڵوەشاوەتەوە و زەوییەکە کراوەتە زیادکردنی ئاشکراوەوە و رێگە بە خەڵکی تریش دراوە بێتە ناو زیادکردنەکەوە، بە خۆشحاڵییەوە داهاتێکی زۆرتریش بۆ شارەوانی گەڕاوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ” لەدوای ئەو هەڵمەتەی کاک بافڵ پێی هەستا بەوەی هیچ ئەندامێکی کۆمیتە یان ئەندام مەڵبەند تەنانەت ئەندامی مەکتەبی سیاسی بۆی دەستوەردان لە کاروباری شارەوانی سلێمانی بکات، هیچ فشارێک یان دەستوەردانێکی حزبی لە کاروبارەکانمان نەماوە، هەموو کەس دەزانێت کارەکەی یاسایی بێت بۆی دەکرێت، نایاسایی بێت بۆی ناکرێت”.