بافڵ جەلال تاڵەبانی: سلێمانی سیمبولی دژ بە نادادی و هەوێنی بیری ئازادیخوازییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سلێمانی لانکەیەکە بۆ لەدایکبوونی رۆحی نیشتمانپەروەری، سیمبوولی بەگژداچوونەوەی نادادییە و هەوێنێکە بۆ بیری ئازادیخوازی و دیموکراسی.

دەقی پەیامەكە:

سلێمانی بۆ ئێمە تەنیا شارێک نییە، بەڵکو لانکەیەکە بۆ لەدایکبوونی رۆحی نیشتمانپەروەری، سیمبوولی بەگژداچوونەوەی نادادییە و هەوێنێکە بۆ بیری ئازادیخوازی و دیموکراسی.

دەبێت هەمووان لەئاست ئەو راستییە مێژووییە ملکەچ بن کە هیچ رەشەبایەکی لەرزۆک ئەم شارە زیندووەی نەبەزاندووە. بەگژ هەموو ئەو بیرکردنەوانەشدا دەچێتەوە کە دەیانەوێت ئەو رۆحە زیندووە لەم شارە بزێوە بسەننەوە و بە عەقڵییەتی تۆڵەسەندنەوە و سیاسەتی ناتەندروستەوە گەمارۆی بدەن.

سلێمانی خوێنە و بە دەمارەکانماندا دەگەڕێت، سلێمانی رۆحمانە و دەیپارێزین، سازشی لەسەر ناکەین و هیچ هەڵەیەکیش بەرامبەری قبووڵ ناکەین.

پیرۆز و شكۆداربێت ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
14ی تشرینی دووەمی 2022