زیاتر لە یەک ملیۆن و 670 ھەزار تۆن کاڵا لە سنەوە ھاوردەی ھەرێم کراوە

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستاندا زیادیكردووە و تەنها لە پارێزگای سنەوە، لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ملیۆنێك و 670 ھەزار تۆن شمەك و کاڵا ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون.

بەهای ئەو شمەك و كاڵایانە نزیكەی 843 ملیۆن دۆلار بووە و بەپێی وتەی خەلیل حەیدەری سەرپەرشتیاری گومرگی سنە، ئەو شمەك و كاڵایانە لە رێگەی گومرگی سنەوە بە هەردوو دەروازەی سەیرانبەن و باشماخدا ھەناردەی ھەرێمی کوردستان کراون.

حەیدەری ئاشكرایكردووە، لە گومرگەکانی تری ئێرانەوە بڕی 683 ھەزار و 503 تۆن شمەك و کاڵا بە بەھای 398 ملیۆن و 911 ھەزار دۆلار، لە سنووری باشماخ و سەیرانبەنەوە ھاوردەی ھەرێم کراون و وتی، “52%ـی کاڵاكان لە بواری کەرتی کشتوکاڵدا بوون”.