سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان: دوای جەژنی رەمەزان بازاڕی زێڕنگەران دەبوژێتەوە

وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دینار دابەزیوە و پێشبینی دەکەین دوای جەژنی رەمەزان 15 هەزاری دیکە دابەزێت و مسقاڵێک زێری عەیار 21 بگاتە 400 هەزار دینار و بازاڕی زێڕنگەران ببووژێتەوە.”

هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023 بە  رووداوی راگەیاند: “نرخی زێڕ بەراورد بە هەفتەی رابردوو 10 هەزار دینار دابەزیوە، بەڵام هێشتا بازاڕی زێڕنگەران خراپە، چونکە کڕیاری زێڕ زۆر کەمبووەتەوە ئەوەی پێشتر 50 مسقاڵی دەکرد ئێستا 25 دەکات.”

رۆژی چوارشەممە 19-04-2023 نرخی فرۆشتنی زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بووە:

مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=465,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=430,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=415,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=350,000

رۆژی چوارشەممە، نرخی زێڕ لەبەر نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ نزیکەی 1970 دۆلار دابەزی، بەڵام پاش چەند کاژێرێک و لە دوای نیوەڕۆ هەندێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و گەڕایەوە نزیکەی 2000 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە دابەزینی نرخی زێڕ دووبارە دەستی پێکردەوە و تەنانەت تاوەکو 1990 دۆلار دابەزی.

وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات دوای جەژنی رەمەزان نرخی زێڕ زیاتر دابەزێت و دەڵێت: “بەهۆی ناردنی پارە لەلایەن بەغدا و هەبوونی بودجەی عێراق و دابەزینی بەردەوامی بەهای دینار پێشبینی دەکەین دوای جەژنی رەمەزان نرخی زێڕ 15 هەزار دیناری دیکە دابەزێت و عەیار 21 بگاتە 400 هەزار دینار ئەوەش وا دەکات بازاڕ جموجۆڵی تێبکەوێت، بۆیە پێشبینی بوژاندنەوەی بازاڕی زێرەنگەران دەکەین.”

هەندرێن وەرتی باسی لە جیاوازی نرخی زێری ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو کرد و دەڵێت: “ئێستا ئەوەی 50 مسقاڵ زێڕ بکات تێچووەکە دەچێتە نزیکەی 15 هەزار دۆلار، پێشتر تێچووەکەی نزیکەی 12 هەزار دۆلار بوو، ئەگەر باسی پێش کۆرۆناش بکەین ئەوەکات هەشت هەزار دۆلار بوو، بەهۆی ئەو جیاوازییەش کریاڕی زێڕ کەمبووەتەوە.”