بانکی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق بە گشتی دەستی بە بوژانەوە کردووە

بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئابوری عێراق بە گشتی ڕووی لە بوژانەوە کردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت کۆی گەشەی ئابوری بۆ ئەمساڵ بگاتە ٨.٩٪.

بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئابوری عێراق دوای شۆکی پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، ھێدی ھێدی دەستی بە بوژانەوە کردووە و گەشەی کەرتی نەوت و نا نەوتی بە ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆیاندا ھەنگاو دەنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، بەھۆی بەردەوامبوونی بەرزی نرخ و زیادەی داھاتی نەوتەوە لە بازاڕەکانی وزەدا، کورتھێنانە داراییەکان نەماوە و یەدەگی نەختینەش زیادیکردووە.

بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی وشکەساڵی و پچڕانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخ لە جیھاندا، کەرتی کشتوکاڵی عێراق دووچاری پاشەکشە بووە، بە شێوەیەک لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە ١٧.٥٪ و ٣٦.٨٪ دووچاری پاشەکشە بووەتەوە.