وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم نرخی گەنمی جوتیارانی دیاریکرد

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم نرخی گەنمی جوتیارانی دیاریکرد و جەختیش دەکاتەوە، لیژنەی ڕاییکردنی کارەکانی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم ، بەدواداچونی بەردەوام و چاودێری و سەرپەرشتیاری رێڕەوی کاری پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردوەتەوە،” لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران ، بریاردرا بەکڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەت و هەردو کۆمپانیای(خۆشناو و قەیوان ) کە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران جێبەجێدەکەن.

رونیشیکردوەتەوە،” وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران بەپێی مواسەفات و ستاندەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت، نرخی هەر تەنێکی گەنمی پلەیەک (850,000)هەشت سەد و پەنجا هەزار دینارە ، بەهەمان ئەو نرخەی کە لە سایلۆکانی عێراق وەردەگیرێتەوە”.

ئاشکراشیکردوە،” لەرێکەوتی(2022/6/1) پڕۆسەی وەرگرتن لە سایلۆکان لەلایەن هەردو کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم دەستپێدەکات و جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان تەسلیم بکەن و ماوەی رادەستکردن (44)ڕۆژ دەخایەنێت و تاوەکو 2022/7/14 کۆتای دێت”.

جەختیلەوەشکردوەتەوە،” لیژنەی ڕاییکردنی کارەکانی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم، بەدواداچونی بەردەوام و چاودێری و سەرپەرشتیاری رێڕەوی کاری پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکات، جوتیاران دەتوانن لەدوای پشکنین و وەرگرتنی گەنمەکانیان پارەی شایستەی دارایی خۆیان راستەوخۆ وەربگرن”.