ئەنجومەنی بازاڕی دراوی سلێمانی: کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەبێت لەچوارچێوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقدا یەکبگرن

 ئا: رێژەن سەردار 

ئەنجومەنی بازاڕی دراوی سلێمانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاگادار دەکاتەوە لەچوارچێوەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەجۆرەکانی (A-B) یەکبگرن، وتەبێژی بازاڕەکەش دەڵێت “ئەو کۆمپانیاو نوسینگەی دراوانەی لەجۆری (C)ن‌ یەکنەگرن‌و داواکاری پێشکەش نەکەن بۆ ئەوەی ببن بە لەجۆرەکانی (A-B) ، ھیچ بەھایەکیان نامنێنێت‌و وەک ئەوە وایە ئەو کۆمپانیاو نوسینگانە ھیچ شتێکیان نەبێ بەناوی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوەوە”. 

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی لەبارەی رێوشوێنەکانی یەکگرتنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند بەپێی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان سوودمەند بن لەوەرگرتنی دۆلار، دەبێت ژمارەیەک کۆمپانیا یەکبگرن، چونکە ژمارەیان زۆرە، ئەو وتی “لەمانگی حوزەیران‌و تەموزی ساڵی ٢٠٢١، بەشێکی زۆر لەکۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، داوامان کرد کە بەهەمانشێوەی کۆمپانیاکانی عێراق لەبانکی ناوەندی عێراق پشکمان هەبێ‌و بێبەش نەکرێین لەوەی دۆلارمان ڕۆژانە بەنرخی فەرمی پێبدرێت، ئەو کاتە بانکی ناوەندی وتی ئەم کۆمپانیانەی ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زۆرەو سەرمایەشیان کەمە، زیاتر لەدوو ھەزار نوسینگەو کۆمپانیا لەھەرێمی کوردستان ھەیە، ناتوانین ئێمە کۆنترۆڵیان بکەین، ئەبێ ئێوە سەرمایەکانتان زیاد بکەن، بۆ نمونە لەکۆمپانیاکانی جۆری (C)یەوە سەرمایەکانتان بگۆڕن بەجۆری (A-B)، جۆری (B) سەرمایەکانتان بکەن بە ٢٥٠ ملیۆن دینار، جۆری (A) دەبێت سەرمایەکەیان ٥ ملیار دینار بێت ئەمەش قورسە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ٥ کۆمپانیا یان ١٠ کۆمپانیا یەکبگرن، بۆ ئەوەی سەرمایەکە بگاتە جۆری (B)”.

جەبار گۆران وتیشی “بەپێی رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق، کمپانیاکانی ئاڵوگٶری دراو کراون بەسێ جۆری (A – B – C)، جۆری (C) سەرمایەیان کەمە بەھیچ جۆرێک دۆلاریان پێ نادرێت، بەڵام جۆرەکانی تر بشکیان پێ دەدرێت و دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی لەبانکی ناوەندی عێراق بکڕن”.

وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ساڵێک‌و ھەشت مانگە ئەم ڕێکارانە بەردەوامەو بەشێک لە کۆمپانیاکان، ڕێوشوێنەکانیان گرتۆتەبەرو رێکارەکایان تەواو کردووە، بەشێک لەکۆمپانیاکانی جۆری (C) تا ئێستاش ھیچ ڕێکارێکیان نەگرتۆتەبەرو ھەنگاویان نەناوە بۆ یەکگرتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تردا، لەبەرئەوە هەموو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو رۆژی ١ی ئاداری ٢٠٢٣ داواکاری بۆ یەکگرتن پێشکەش بکەن لەچوارچێوەی جۆرەکانی (A-B) یەکبگرن‌و دەبێت هەر پێنج کۆمپانیا یان ١٠ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو ببن بەیەک کۆمپانیا، جەبار گۆران وتی “کۆمپانیاکانی جۆری (C) چەندین جار مۆڵەتیان بۆ نوێ کرایەوە، ساڵی ڕابردوو تاکو مانگی نۆیان بۆ نوێ کردنەوە، دواتر تاکو مانگی ١٢ نوێ کرایەوە، ئێستا تاکو بەرواری ٢٠٢٣⁄٣⁄١ کاتیان ھەیە کە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ یەکگرتن”.

وتیشی “داواکارییەکە بریتیە لەوەی خێرا بچێت عەریزەیەک بدات بەبانکی ناوەندی ھەرێم کە ئێمە پێنج کۆمپانیاین یەکدەگرین، ڕێکارەکانیش سێ بۆ چوار مانگی پێدەچێت، ئەوەی کە تاکو ئەم مۆڵەتەی دانراوە داواکاری پێشکەش بکات پشکی دەبێت لەوەرگرتنی دۆلار بەنرخی فەرمی لەبانکی ناوەندی عێراق، ئەوەشی داواکاری پێشکەش نەکات ئیتر ئەو کاتە کۆمپانیاکەی کە لەجۆری (C)یە ھیچ بەھایەکی نابێت، وەک ئەوە وایە ئەو کۆمپانیاو نوسینگەیە ھیچ شتێکی نەبێ بەناوی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوەوە”.

وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی جەغتی لەوە کردەوە کە دەبێت کۆمپانیای جۆری (A) سەرمایەکەی پێنج ملیار دینار بێت واتە ١٠ کۆمپانیا کە سەرمایەی هەر یەکەیان ٥٠٩ ملیۆن دینارە یەک دەگرن سەرمایەکەیان دەبێت بە ٥ ملیار دینار، جۆری (B) دوو ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دیناری پێویستە، واتە ٥ کۆمپانیا کە سەرمایەکەیان ٥٠٠ ملیۆن دینارە یەک دەگرن سەرمایەکەیان دەبێتە دوو ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار، ئەو وتی “تاکۆ ئێستا ٢٦٣ کۆمپانیا داواکاریان پێشکەش کردوە، بەشێکیان ڕێکارەکانیان تەواو کردووە، بەشێکیشیان ماوە، لەشاری سلێمانی ٣٥٠ کۆمپانیا لەجۆری (C) ھەن، تاکۆ ئێستا ٢٦٣ کۆمپانیایان داواکاری پێشکەش کردوە، کۆمپانیای وا ھەیە ساڵێک لەمەوبەر داواکاری پێشکەش کردوەو کارەکانی خەریکە تەواو دەبێت، ھەندێکیش ھەیە ڕێکارەکانی تەواو کردوەو کێشەی نیە، ھەندیکیش ھەیە کاتی ماوە. لەدوای بەرواری ٢٠٢٣⁄٣⁄١، ئەو کۆمپانیانەی کە لەجۆری (C)ن‌و کاتی خۆی مۆڵەتیان لەبانکی ھەرێم وەرگرتوە، ئەگەر کۆمپانیاکانیان یەکنەگرێت‌و نەچنە قۆناغی (A – B) دوای ئەوەی داواکاری ڕاگیرا ئەو کۆمپانیانە ھیچ بەھایەکیان نامێنێت”.

وتیشی “لەسنوری پارێزگاری سلێمانی ئەگەر ئەم ٣٥٠ کۆمپانیایە رێکارەکان تەواو بکەن‌و یەکبگرن، ھەفتانە پشکیان دەبێت لەوەرگرتنی دۆلار بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق، من خۆم حسابم کردوە ھەموو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ھەفتانە ٧٠ دەفتەر دۆلار وەردەگرن، لەھەفتەیەکدا ٤٩ ملیۆن دۆلار دەکات، ئەمە کاریگەری لەسەر بەھێزکردنی بەھای دینار دەبێت‌و دەروازەکانی دەستخستنی دۆلار بەنرخی فەرمی زیاد دەبێت”. 

جەبار گۆران ئەوەش روون دەکاتەوە کە ئامانج لەم ڕێکارانە ئەوەیە نرخی فەرمی دۆلار لەگەڵ نرخی نافەرمی نزیک بێت، جگە لەبانکەکان کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراویش ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەبانکی ناوەندی عێراقەوە ھەبێت، دۆلار لەبانکی ناوەندی وەربگرن، ئەو وتی “بانکی ناوەندی مەرجێکی ھەیە بۆ کۆمپانیاکان، بۆ نمونە کاتێک کۆمپانیایەک دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق بە ١٣١ ھەزار دەکڕێت، دەبێت بەھاوڵاتیانی بفرۆشێت بە ١٣٢ ھەزار دینار، بانکی ناوەندی بەوردی چاودێری بازاڕەکان دەکات‌و کارەکانی نوسینگەو کۆمپانیاکان لەژێر چاودێری وردی بانکی ناوەندی دەبێت، ئەگەر کۆمپانیاکان ٧٠٠ ھەزار دۆلاریان پێبدرێت، دەبێت بانکی ناوەندی بزانێت ئەم پارەیە بەکێ فرۆشراوە، ئەبێ بەپسوڵەی فەرمی بفرۆشرێت”.

وتیشی “جاران پرۆسەکە بەشێوازێکی کلاسیکی بوو، کۆمپانیایەک یان بانکێک یان بازرگانێک دەچوو دۆلاری لەبانکی ناوەندی وەردەگرت، دیناری دەبردو دۆلارەکەی وەردەگرت، دواتر بانکی ناوەندی نەیئەزانی ئەم دۆلارە بۆ کوێ ئەڕوات، یان بۆ چ ئامانج‌و مەبەستێکە، بەڵام ئێستا کاتێک کۆمپانیاکان دۆلار وەردەگرن دەچنە سیستەمێكەوە کە بۆ نمونە ئەپڵیکەیشنێکە لەلاپتۆپێکداو بانکی ناوەندی چاودێری دەکات، ٧٠٠ ھەزار دۆلار دەچنە سیستەمی کۆمپانیایەکەوە کاتێک ئەیفرۆشێت وەسڵێک دەدات بەکڕیار، ئەو وەسڵە دەخرێتە سیستەمەوە. بۆ نمونە کۆمپانیایەک بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق ٧٠٠ ھەزار دۆلار وەردەگرێت، کاتێک ١٠ ھەزار دۆڵار بەکەسێک دەفرۆشێت، وەسڵێک دەداتە ئەو کەسەو ئەو وەسڵە دەخریتە سیستەمەوە کە بانکی ناوەندی عێراق چاودێری دەکات، ئەبێ بانکی ناوەندی عێراق بزانێت بۆ چ مەبەستێک ئەم دۆلارە فرۆشراوە، بۆ بازرگانییە یان بۆ کڕینی خانوو یان بۆ ئۆتۆمبێل، ئەمە ھەرچەندە ناتوانێت سەد لەسەد کۆنترۆڵی سپی کردنەوەی پارە بکات، بەڵام زۆر باشترە لە جاران، لەلایەکی تریش نرخی بازاڕو نرخی بانکی ناوەندی عێراق نزیک دەکاتەوە”.