قەبارەی یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی و زێر ئاشكرادەكرێت

راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق قەبارەی یەدەگی وڵات لە دراوی بیانیی نەختینە و زێر ئاشكرادەكات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران رایگەیاند، یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی گەیشتووەتە ئاستێكی باڵا لە مێژووی دارایی عێراقدا كە لەئێستادا نزیكدەبێتەوە لە 115 ملیار دۆلاری ئەمریكی.

وتیشی، “دەسەڵاتی نەختینە لە عێراق خاوەن توانایەكی باڵایە لە پرسی ئیدارەدانی یەدەگدا”.

نزیكەی نیوەی یەدەگی عێراق بە دراوی ئەمریكی (دۆلار)ە، وەبەرهێنان بە بڕێكی بەرزی یەدەگی دۆلاری وڵات كراوە و سودی ساڵانەی زیاترە لە 4%، وەك ئەوەی مەزهەر محەمەد ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەودوای یەدەگە بیانییەكان (جگە لە دۆلار) نزیكی 50%ە و لە بانكی ناوەندیی جیهانیی متمانەپێكراوی ئەوروپی و دامەزراوەی نەختینەی جیهانییە و بە دراوەكانی وەك پاوەن، یۆرۆ، یوان، یەن و دراوی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتییە كە بە یەكەكانی مافی راكێشانی تایبەت ناودەبرێت، سەرەڕای زێری نەختینە كە زیاترە لە 132 تۆن.