ئێران و عێراق داوا دەکەن پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنى رێککەوتنەکانی نێوان هەردولا

هەردو وەزیرانى دەرەوەی عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، بەپێویستی دەزانن رێککەوتنەکانی نێوان هەردولا وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن بەتایبەت لە بوارەکانی بانک، گەشتیاری، نەوت و گاز و بازرگانی.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوە و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و باسیان لەوەکردوە پێویستە پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنى رێککەوتنەکانی نێوان هەردو وڵات.

ئەوەش هاتوە، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بانگهێشتی فوئاد حسێنی کردوە بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکات.

ئێران و عێراق لەبوارەکانی هاتوچۆى گەشتیاران، راکێشانى رێگای ئاسنین، بانک، نەوت و گاز و بازرگانی چەندین رێککەوتن لەنێوانیاندا واژۆ کراوە، بەڵام تاران و بەغداش باس لەوە دەکەن ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.