لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی یۆنان گەشتی ئاسمانی بۆ هەرێم دەستپێبكات

لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ یۆنان بۆ بەشداری لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەندۆنیس گیۆرگیادیس وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە كۆبووەوەو پێكەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان كرد لە بوارەكانی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و پیشەسازی خۆراكدا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی ئەمڕۆ 8ی نیسان بەڕێوەچوو، باس لەوەكرا كە كوردستان و یۆنان لەڕووی كلتورییەوە لێكنزیكن هەربۆیە دەتوانرێت بەتایبەتی لەبواری گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان و كاری هاوبەش بكرێت.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا بە گرنگییەوە باس لە هاندان و كارئاسانی بۆ كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی یۆنانی كرا كە بەهاوكاری كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی كورد لە بوارەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراكدا وەبەرهێنان بكەن و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ كارئاسانیكردن بۆ كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی یۆنانی.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر دەستپێكردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان كوردستان و یۆنان و لەمبارەیەوە وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان رایگەیاند: هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەكەن هەم بۆ پێدانی ڤیزە بەهاووڵاتیانی كوردستان و هەم بۆ دەستپێكردنی هەرچی زووتری گەشتی راستەوخۆ لەنێوان كوردستان و یۆناندا.

ئەندۆنیس گیۆرگیادیس ئاماژەی بەوەشدا كە سەردانی كوردستانی كردوەو سەرسامە بەجوانی سروشتی كوردستان و كوردستان وەك سویسرای ناوچەكە سەیر دەكات، هەربۆیە دەتوانرێت هەرێمی كوردستان ببێتە هەرێمێكی گەشتیاری لە هەموو ناوچەكەدا. 
جەختیشی لە‌وە‌كردەوە كە‌ هانی كۆمپانیا یۆنانییەكان دەدەن بۆ وەبەرهێنان لە ھە‌رێمی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەڵوێست و تێگەیشتنی وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنانی كرد بۆ كوردستان و باسی لەوەشكرد كە راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە، بەڵام  پلانی حكومەتی هەرێم بۆ لەمەودوا ئەوەیە زیاتر گرنگی بە گەشەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدات و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە كارئاسانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەكان لە پلانماندایە سیستمی بانكی لە كوردستان رێك بخەینەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا هەر یەكە لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.