بازاڕی عێراق، دەرفەتێک بۆ گەشەی ئابوریمان

ئاراس عەبدولکەریم مەعروف

ئێستا عێراق لەقەیرانێكی سیاسی گەورەدا رۆژگاری بەسەردەبات، كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار‌و پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهۆی زۆرانبازی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە پەکخراوەو ئاستەنگی بۆ دروستبووە، ئەمەش كاریگەری نەخوازراوی نەك هەر لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەجێهێشتووە، بەڵكو پرۆسەی ئابوریشی لەبەردەم ئاسۆیەكی نادیاردا راگرتووە.

لەم روداوەو لەهەموو هەلومەرجێكدا پرسیارە سەرەکیەكە بۆ خەڵكی ئێمە ئەوەیە كە نوێنەرانی كوردستان لەپەرلەمان‌و پۆستەكانی دەوڵەتی عێراقدا دەبێت چاویان لەسەر چ ئامانجێك بێت بەدیبهێنن؟
بەدڵنیایی چەند ئامانجێك هەن كە بەلای خەڵكی كوردستانەوە لە”ئەولەویەتدان” بۆ ئەوەی نوێنەرانی كودستان لەبەغدا كار لەسەر بەدیهێنانی بكەن، كە بەشێكیان ئامانجی سیاسین‌و بەشێكیشیان ئامانجی ئابوری.
ئەوەی پەیوەستە بەسیاسەتەوە با بۆ سیاسەتمەدارانی بەجێبهێڵین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەئابورییەوەیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان هەر لەبازرگانانەوە بگرە تا دەگات بەژوورە بازرگانیەكان‌و وەزارەتەكانی پەیوەست بەكاری ئابوری هەرێم قسەی لەسەر بكەن.
لەڕووی ئابورییەوە كوردستان چەند ساڵێكە بەهۆی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەندییەوە، بەدەست كۆمەڵێك گرفتەوە گیرۆدەیە كە تا ئێستاش چارەسەر نەكراون، هەر لەمەسەلەی یەکنەخستنی هێما بازرگانیەکان‌و نەناردنی بودجەو موچەوە بگرە تا دەگات بەمەسەلەكانی یاساكانی پەیوەست بەنەوت‌و غازو قەرزی جوتیاران‌و رێكخستنی گومرگە سنورییەكان‌و …هتد.
بەڵام خاڵێكی گرنگ كە تا ئێستا بەباشی كاری بۆ نەكراوەو بەردەوام یەكێك بووە لەو ئامانجانەی كەرتی تایبەت چاوی لەسەر بەدیهێنانی بووەو بەهۆی زۆرانبازیی سیاسییەوە هەلی بەدیهێنانی نەڕەخساوە، ئەوە بووە كە بازاڕی عێراق بكەینە دەرفەتێك بۆ گەشەی ئابوریمان‌و سەرمایەگوزاری تیا بکەین.
دۆخی كوردستان لەبیست ساڵی رابردوودا زۆر ئارامتر بوو بەراورد بەناوچەكانی ئەودوای عێراق، ئەمەش هەلێكی زێڕین بوو بۆ ئەوەی كوردستان بیقۆزێتەوە تا لەڕێگەی پلانێكی تۆكمەوە سوود لەو بازاڕە گەورەیە وەربگرێت بۆ بوژاندنەوەی بەروبومی كشتوكاڵی‌و تەنانەت پیشەسازییش، كە هێشتا عێراق لەسایەی چەندین شەڕ‌و ناكۆكی‌و نائارامی نەهاتبووە دەرو دەرفەتی بۆ گەشەی ئابوری لەبارو رەخساو نەبوو.
ئەو راستییە لای كەس شاراوە نییە كە بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوو، كوردستان مەڵبەندی گرنگترین بەروبومە كشتوكاڵییە ستراتیجییەكانی عێراق بووە، هەر لەگەنم‌و جۆو لۆكەو نۆك‌و نیسك‌و شیرەمەنی‌و سامانی ئاژەڵەوە بگرە تا دەگات بەتوتن‌و كێڵگەی پەلەوەر. كوردستان كە بەباشترین‌و بەپیتیترین ناوچەی كشتوكاڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێ‌ دەیتوانی ئێستا بەشێكی بنەڕەتی پێویستییە كشتوكاڵییەكانی عێراق دابین بكات ئەگەر بەباشی دۆسیەی ئابوری هەرێم بەڕێوە ببردرایەو ئابوری ئەم هەرێمە نەكرایە بەقوربانی نەوت‌و ئابوری بەرخۆری نەوت.
هەموو وڵاتان‌و هەموو كۆمپانیاكانی جیهان بەدوای بازاڕدا دەگەڕێن، بەتایبەتی ئەو بازاڕانەی پارەیان تیایەو قەرەباڵغیشن، لەهەموو وڵاتانی دنیاشدا یەکێک لەڕێگاکانی پاڵپشتی لەکەرتی وەبەرهێنان، دابینکردنی بازاڕی هەناردەیە بۆ کاڵاو بەرهەمە ناوخۆییەکان.
بۆیە لەسەر هەموو لایەك پێویستە باوەڕ بەوە بهێنین پەیوەندی بازرگانی‌و چالاكی ئابوری لەگەڵ عێراقێكی 40 ملیۆن كەسی‌و خاوەن دەوڵەتێكی دامەزراو هەنگاوێکی گرنگ‌و پڕبایەخە بۆ ئابوری هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كە وەبەرهێنەری كوردستان حەزو خواستی دانیشتووانی عێراق دەزانێت‌و عێراقییەكانیش بە بەروبومی كوالێتی بەرزی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان زۆر سەرسامن.

دواجار دەبێت ئەوانەی وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان دەچنە بەغدا ئەوەیان لەبیر بێت‌و هەڵگری ئەو خەون‌و خەیاڵە بن كە گەورەترین سوود بەهەرێمی كوردستان بگەیەنن، بەتایبەتی لەڕووی ئابورییەوە کە بازاڕی عێراق دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەشەی ئابوریمان‌و وا پێویست دەكات لەدەست خۆمانی نەدەین.