لە دەشتی شارەزوور بەهۆی دواكەوتنی كاتی پەڵەوە چاندن و كێلانی زەوییەكان دواكەوتووە

ئەمساڵ بە هۆی دواكەوتنی كاتی باران بارین و پەڵەوە (پەڵە لە لای جووتیاران ئەوەیە بڕی بارانی پێویست ببارێت و زەوییەكان تا ئەو ئاستەی گاسنی تراكتۆرەكان دەیكێڵن ئاوی بارانی پێگەیشتبێت) وەرزی چاندن و كێلانی زەوییەكان دواكەوتووە.

جووتیاران سەرەتا و دوای وەرزی دروێنەكردن، دەست بە كێڵانی زەوییەكانیان دەكەن كە ئەوەش لە لای جووتیاران بە وەردبڕین ناسراوە، دواتر دانەوێڵەكانیان لە زەوییەكاندا دەچێنن و دەست بە كێڵانی زەوییەكانیان دەكەن تا بەرهەمێكی باشتریان هەبێت.

لە دەشتی شارەزوور (دەكەوێتە سنووری هەڵەبجە) كە بە پیتترین دەشتی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت بۆ كشتوكاڵكردن، وەرزی كێڵان و چاندن دەستی پێكردووە و جووتیاران سەرقاڵی كێڵانی زەوییەكانیانن.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لەو بارەیەوە رایگەیاند: “ئەمساڵ بە هۆی ئەوەی كاتی پەڵە دواكەوت، كاتی چاندن و كێلانیش دواكەوت، ئەوەی دیاریكراوە ساڵانە لە 5ی مانگی تشرینی دووەم كاتی گونجاوە بۆ پەڵە و دوای ئەو بەروارەش دەست بە كێڵان و چاندنی دانەوێڵە دەكرێت. لە ئێستادا پەڵە داویەتی و جووتیاران دەستیان بە كێڵان و چاندن كردووە”.

جووتیارانی دەشتی شارەزوور نیگەرانن لەوەی حكوومەت هاوكارییان ناكات و ئەو بنەتۆوەی لە ساڵانی رابردوو بەسەر جووتیاران دابەش دەكرا، ماوەی چەند ساڵێكە نادرێت و پشتیوانی جووتیاران ناكرێت.

ستار مەحمود لەو بارەیەوە ئاماژەی كرد بەوەی، بە هۆی قەیرانی داراییەوە دابەشكردنی بنەتۆوی دانەوێڵەی جووتیاران لە لایەن حكوومەتەوە نادرێت، بۆ ئەمساڵیش هیچ ئاماژەیەك نییە بە دابەشكردنی بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا.

بە گوێرەی ئامارەكان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، 170 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، لەو بڕەش 70 هەزار دۆنمی بۆ داچاندنی دانەوێڵە بەكار دەهێنرێت و ساڵانە بەرهەمی دەیان هەزار تۆن دانەوێڵەی هەیە.