گازپرۆم وازهێنانی خۆی لە بلۆكی نەوتی هەڵەبجە راگەیاند

 كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی بەبیانووی بوونی مین لە ناوچەكە وازهێنانی خۆی لە بلوكی نەوتی هەڵەبجە راگەیاند‌و لەبەرامبەردا كار لە بلۆكی شاكەل دەكات‌و كۆتایی ئەم مانگەش دووەمین بیرە نەوتی خوی لەو بلۆكە لێدەدات.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە راگەیاندوە، كۆمپانیای گازپرۆم بەبیانووی ئەوەی ناوچەكە مین رێژە‌و ناتوانن سودی لێ‌ ببینن، وازی لە بلوكی نەوتی هەڵەبجە هێناوە‌و لە بلۆكی شاكەل دەستی بەكاركردن كردووە.

وتیشی، لەبەرامبەر وەرگرتنی بلۆكی نەوتی هەڵەبجە، كۆمپانیای گازپرۆم 30 ملیۆن دۆلاری وەكو شیرینی دابوو بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ئەو بڕە پارەیەی داوە بە قەرەبووی كۆمپانیاكانی نەوت‌و لەئێستاشدا تەنها 5 ملیۆن دۆلاری ماوە، كە پارێزگای هەڵەبجە بێ‌ ئاگایە لێی.