نرخی ئەمپێری كارەبا بۆ مانگی 12 دیاریكرا


نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی تشرینی دووەم، 42 چل و دوو دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی كانوونی یەكەم (12) دیاریكرا كە بەپێی خشتەكە بەیانیانیش كارەبا دابین دەكرێت .

رۆژی 2017-12-4 ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، كۆنترۆڵی كارەبا، وەرشەی ناوەندی و سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبوەوە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بۆ كوردیو رایگەیاند: بەپێی خشتەی بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی كانوونی یەكەم دیاریكراوە، بەیانیان لە كاتژمێر 7 بۆ 8:30 و عەسران لە 2:30 بۆ 1ی شەو بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا وتیشی: نرخی كارەبای مانگی تشرینی دووەم نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە42 چل و دوو دینارە كە سەعاتی كارپێكردنی مۆلیدەكان لە گەرەكەكاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان 170 – 185 كاتژمێرە، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك 180 كاتژمێر كاری كردبێت ئەوا بڕی 7.500 حەوت هەزار و دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێك، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.

ئەوەشی خستەڕوو بۆ كارەبای سیتیەكان نرخی كیلۆواتێك بە 225 دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینار و وێستگەكەی 132كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.