دامەزرێنەری پڕۆگرامی ڤایبەر داهاتێکی زۆر کۆ دەکاتەوە

 تالمۆن ماركۆ، دامەزرێنەری پڕۆگرامی ڤایبەر، لە ساڵی 1973 لە ئیسرائیل هاتووەتە دونیاوە و ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێكارە لە كۆمپانیای (ڤایبەر میدیا) کە بارەگاکەی لە وڵاتی قوبڕسە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كارگێڕی و كۆمپیوتەردا لە زانکۆی تەلئەبیب هەیە، دواتر چووەتە ئەمریكا و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی بەدەستهێناوە.

ماركۆ لە ساڵی 2010دا بیر لە دروستكردنی پڕۆگرامێك بۆ پەیوەندیی خۆڕایی دەكاتەوە، کە رکابەری بەرنامەی سکایپ بکات، لە هەمان ساڵدا پڕۆگرامەكە بە ناوی (ڤایبەر) بڵاو دەكاتەوە، سەرەتا تایبەت دەبێت بە پەیوەندی لە رێگەی نووسین و دەنگەوە.

لە كاتی بەرهەمهێنانی پڕۆگرامی ڤایبەر، كۆمەڵێك پڕۆگرام هەبوون، بۆیە مارکۆ پڕۆگرامی ڤایبەری كردە خۆرایی، بەمەش رووبەڕووی دەستپێكی كێبڕكێیەكی گەورە بووەوە. پڕۆگرامەكە لەسەرەتادا تەنیا 50 هەزار بەكارهێنەری بوو و تەنیاش لەسەر سیستەمی كارپێكەری (ICS) كاری پێ كرا، واتا تەنیا لەسەر ئایفۆن و ئایپاد بەكار دەهات، دوای ساڵێك پڕۆگرامەکە نوێكاریی تێدا کرا، بەوەش بەكارهێنانی ڤایبەر لەسەر زۆر لە سیستەمەكان بەردەست بوو، ئەمەش رێژەی بەكارهێنەرانی خێرا بۆ نزیكەی 50 ملیۆن كەس بەرز كردەوە.

هەنگاوەكانی گەشەپێدانی پڕۆگرامەكە بەوە ناوەستێت، بەڵكوو لە ساڵی 2012 بە خستنەكاری لەسەر سیستەمی ئەندرۆید، ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو پڕۆگرامە بۆ 100 ملیۆن كەس بەرز بووەوە، دوای ئەمە مارکۆ بیری لە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا بازرگانییەكان كردەوە. ئەم هەنگاوە کە زیاتر كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەكانی گرتەوە، رەزامەندی ئەو كۆمپانیایانەی بەدەست هێنرا بۆ خستنەكاری كاری پڕۆگرامی ڤایبەر لەسەر سیستەمی مۆبایلە هۆشمەندەكان.

لە ساڵی 2013دا نوێكاریی دیکە لە پڕۆگرامەكەدا ئەنجام درا، دیارترینی خستنەكاری چەندین زمان بوو لەسەر پڕۆگرامەكە، هەروەها گرێبەستکردن لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای مایكرۆسۆفت و لینۆكس، ڤایبەر لەسەر سیستەمی كۆمپیوتەریش كەوتە كار، لە ساڵی 2014دا كۆمپانیای (راكتین)ی ژاپۆنی بایی 900 ملیۆن دۆلار پشكی لە پڕۆگرامەکە کڕی.

ڤایبەر بە یەكێك لە پڕۆگرامە هاوچەرخەكان دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند خراپییەكی هەیە، كە بریتییە لەوەی ژیانی كەسیی بەكاربەر ئاشكرا دەكات و ئەو بابەتانەی پەیوەندیی بە گفتوگۆ و نووسینەوە هەیە دەری دەخات، هەروەها گۆڕینی وێنەی كەسی و كۆمەڵێك بابەتی تری، كە لە رێگەی ئەم پڕۆگرامەوە دەشێت دزەی پێ بكرێت، بەكارهێنەر پێش دابەزاندنی ڤایبەر رەزامەندی لەسەر مەرجەكانی كۆمپانیا دەردەبڕێت، ئەم لایەنە نەرێنییە وای كردووە، تا ئێستا هەندێ خەڵک خۆیان لە بەكارهێنانی دوور بگرن.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە رووی شۆڕشی زانستی و ئابوورییەوە، پرۆژەكەی مارکۆ سەركەوتنی مەزنی لە بواری پەیوەندی لە جیهاندا بەدەست هێنا و، ئاسانكاریی زۆری لە پەیوەندیی نێوان خەڵكیدا دروست كردووە، بەتایبەت كە ڤایبەر لەگەڵ سەرجەم هێڵەكانی پەیوەندی لە جیهاندا دەگونجێت.