سلێمانی: دیاریكردی نرخی گواستنەوە و گەیاندن هەفتەی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە


بەمەبەستی رێكخستن و دیاریكردی نرخی گواستنەوە و گەیاندنی خوێندكاران لیژنەی هاتوچۆی سەر بە لیژنە هاوبەشەكان ئامادەكاری تەواوی كردووە و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

رائیدی هاتوچۆ، چالاك سەڵاح سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: پاش دروستكردنی لیژنەیەكی تایبەت بە رێكخستن و دیاریكردنی نرخی گواستنەوە خوێندكارانی (باخچەكان، زانكۆكان، پەیمانگاكان، خوێندنگاكانی حكومی و ئەهلی)، لیژنەكەیان بەدواداچونی كردووە بۆ چۆنیەتی دانانی ئەو رێوشوێنیاننەی كە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوە و گەیاندنی خوێندكاران.

سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆ ووتیشی: لیژنە تایبەتەكە پێكهاتووە لە نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە و گواستنەوە و  هاتوچۆ و ئاسایشی دامودەزگا و چاودێریی بازرگانی سلێمانی، زیاتر لە بیست پێشنیارمان كردووە وەك دانانی رێوشوێنێكی گونجاو بۆ هاتوچۆی خوێندكاران، كە سەرجەمیان قبوڵكراوە و بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.

ووتیشی: بەشێك لە پێشنیارەكان بریتین لە، دیاریكردنی نرخ بەپێی دووری لەگەڵ گەراندنەوەی پارەی رۆژانی پشوو بۆ خوێندكاران، هەروەها ئەو شۆفێرەی كاری گواستنەوە دەكات پێویستە زانیاری و بەڵگەنامە یاساییەكانی لای لیژنەكە هەبێت، و دەبێت لە حاڵەتی پشوو یاخوود وازهێنان و گۆڕینی ئوتومبێل رەزامەندی لیژنەكەی لەسەر بێت.

رائیدی هاتوچۆ چالاك سەڵاح ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: پێویستە ئەو پاسانەی خوێندكاری پێ دەگوازرێتەوە مۆدێل بەرز بێت و گەرمی و ساردی ئیش بكات هەروەها شوفێر بۆی نیە لە ژمارەی كوشنەكانی زیاتر خوێندكار بگوازێتەوە، بەپێچەوانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیەوە رووبەرووی رێكارە یاساییەكان دەبنەوە.