دانیشتووانی ھەڵەبجە داھاتی باخەکانیان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی ژیانیان بەکاردەھێنن



سازان، باوەکۆچەک و گوڵان کە دەکەونە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ناوچەکانی بەرھەمھێنانی زۆرترین بەرھەمی ھەنارن و ساڵانە بەسەدان تۆن هەنار دەخەنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

دانیشتووانی ئەو ناوچانە داھاتی ساڵانەی بەرھەمی ھەناری باخەکانیان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی ژیانیان بەکاردەھێنن، خەڵکی ئەم سنوورە ساڵانە لە کۆتایی یەکەم مانگی وەرزی بەھاردا دەست بە خزمەتکردنی باخەکانیان دەکەن، یەکەم رۆژی وەرزی پایز تا دوارۆژی ھەمان وەرز، باخەوانەکان دەست بە کۆکردنەوەی بەرھەمی باخەکانیان دەکەن، باخەکانی ئەم ناوچەیە زیاتر بە نەمامی ھەنار چێنراون. لالەڕەشە، ساڵەخانی و سوورەھەنار دیارترین جۆرەکانی ھەنارن لە ھەڵەبجە، مەلەسی کە جۆرێکی دیکەی ھەنارە بە بەتامترین جۆری ھەنار دادەنرێت.

ئاوو ھەوای سازگار و زەردی گەڵاکان بە تەواوی سازانی ساز کردوە و روو پوشێکی ئاڵتونی پێ بەخشیوە کە بە سەیرکردنی چاوەکان ئارام دەکاتەوە. بەڵام بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تا ئیستاش رێگای سەرەکی ھەڵەبجە بو سازان رێگاکەی قیرتاو نەکراوە ئەوەیش وای کردووە ھەندێکجار کێشەی بۆ باخەوانەکانی دروست کردووە.

ھەناری ھەڵەبجە بە گشتی و ناوچەی سازان لە رووی شێوەو تامی ھەنارەکەیەوە جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە و لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی جیاوازتر دەفرۆشرێت. لە سنووری ھەڵەبجە چەندین جۆری ھەنار ھەیە، بە شێوەیەکی گشتی زیاتر جۆرەکانی ساڵەخانی، لالەڕەشە، سوورە ھەنار، مەلەسی بەرھەمدەھێنرێت.

ھەنار یەکێکە لەو میوانەی کە بەکار دیت بۆ دابەزاندنی کیشی لەشی مرۆڤ و بو ھەرسکردنی خواردن. لە ھەمان کاتدا روبەھەناری لی دروست دەکریت کە لە زۆربەی خواردنەکانی رۆژانەدا بەکار دەھینرێت . بۆیە ھەنار چەندین سوودی ھەیە جگە لەوەی کە میوەیەکی تایبەتە کە لە نیوەی وەرزی پایز دەست دەکرێت بە رنینەوەی.