ترەمپ کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئاشکرادەکات

کۆشکی سپی رایگەیاند کە رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی ئاشکرادەکات.

لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە دووی تشرینی دووەم ناوی ئەو کەسە بۆ رایگشتی ئاشکرادەکات کە دەیکاتە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.

لە ئێستادا ترەمپ سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی سێ کاندیدە بۆ ئەو پۆستە کە یەکێکیان سەرۆکی ئێستای بانکەکە، جانت یەڵنە و لە شوباتی ٢٠١٨دا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کە چوار ساڵە کۆتاییدێت. رکابەرەکانی جانت یەڵن بریتیین لە هەریەک لە ئەندامی بۆردی پارێزگاریی بانکەکە، جێرۆمی پاوڵ و پرۆفیسۆری ئابووریی لە زانکۆی ستاندفۆرد، جۆن تەیلەر.

لەو روونکردنەوانەشدا کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن کۆشکی سپییەوە بێ ئەوەی هیچ ناوێکیان لەسەربێت بڵاوکراونەتەوە، ئەگەری ئەوەیان بەهێزکردووە کە کاندیدەکەی ترەمپ، پاوڵە. ئەو هۆکارانەشی کە وادەکەن پاوڵ لە سەرەوەی لیستی کاندیدەکان بێت، پشتیوانییەتی لە کۆمارییەکان و نزیکییەتی لە سەرۆکی ئێستای بانکەکە لە سیاسەتی دراودا.

کاندیدبوونی پاوڵ نابێتە هۆی درووستبوونی شەپۆلی گەورە لە بازاڕەکاندا و ناوبراو لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج دەبلیو بووشدا کارمەندێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بووە.

پاوڵ یاسای خوێندووە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا ئەندامی بۆردی پارێزگاریی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە و خاوەنی ئەزموونە لەبواری کەرتی تایبەتدا، بە لە کارکردنیشی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکادا بۆ ماوەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان لە چەشنی دیڵن، رید ئاند کۆ و کارلیڵ گرووپ کاریکردووە.