عەبادی: “بەم نزیکانە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرین”

سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند تەواوی ناوچە جێ ناکۆکەکان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدرالی و وتیشی: “بەم نزیکانە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەنێرین”.

ئەم وتانەی حەیدەر عەبادی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هات کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامیدا و ڕایگه‌یاند، به‌م دواییانه‌ هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ هەرێمی کوردستانی عێراق هانی‌ توندوتیژییاندا دژ بە هێزه‌كان عیراق، ئه‌مه‌ش تاوانی‌ جه‌نگه‌ و جێگه‌ی‌ قبوڵ كردن نییه‌.

عەبادی تیشکی خستە سەرئەوەی کە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ناوەندی عێراق کۆنترۆڵی تەواوی ناوچە جێ ناکۆکەکانیان کردووە و وتی : ” ناوچە جێ ناکۆکەکان کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدرالیی”.

لەبارەی ناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، حەیدەر عەبادی گوتی: “بەم نزیکانە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەنێرین”.

عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا، موژدەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی قایم لەژێر دەستی داعش رادەگەیێنین و هەروەها باسی ئەوەشی کرد، هەندێک لایەن تاکو ئێستا پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن و هانی تیرۆر دەدەن بێنەوە ناوچەکە.