”ھەموو ئەگەرێک ھەیە بۆ دەستکاریکردنی پشکی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق”

بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند “ھەموو ئەگەرێک ھەیە بۆ دەستکاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق بۆساڵی ٢٠١٨، بۆیە دەبێت لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بن”.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: “ئەوەی تا ئێستا بۆ لێژنەی دارایی نێردراوە لەبەرگیراوە (کۆپی)یەکی نافەرمی داتاکانی بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٨یە و وەک ساڵانی رابردوو رێژەی ١٧ لەسەدی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەوەی چاوەڕوان دەکەین لەبەرگیراوەی فەرمییە بۆ ئەوەی لە بڕیاری کۆتایی حکوومەتی عێراق لەبارەی بوودجەی عێراق دڵنیا بینەوە”.

ئەحمەد حاجی رەشید نایشارێتەوە کە ھەموو ئەگەرێک لەبەردەم پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەدا کراوەیە، لەوانەیە لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستکاری بکرێت، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە رێککەوتن لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان بکرێت”.

ھاوکات ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەجیبە نەجیب  دەڵێت “عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٨ دیاری دەکات، بەڵام چەند کار بەو دیاریکردنەی بەشە بوودجەیەی ھەرێم دەکات ئەمە پێویستی بە کارکردنی زیاترە”.

دەشڵێت: “بۆ پێدانی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٨ی پێویستە رێککەوتن لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان بکرێت و لە ھەمان کاتیشدا لایەنی سێیەمی وەک ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووە​کان چاودێری رێککەوتنەکە بکەن، تاوەکو عێراق ناچار بێت بەشە بوودجەکە وەک خۆی بە ھەرێم بدات”.

نەجیبە نەجیب لەبارەی چۆنیەتی پێدانی بەشە بوودجەکەوە وتی: “بە پێی دەستووری عێراق دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستان رادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ھەوڵی حکوومەتی عێراق پێچەوانەی دەستووری عێراقە کە دەیەوێت پشکەکە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی لە بەغدا”.