کۆمپانیای ماکدۆناڵد مەرجی نوێ بەسەر کێڵگەکانی پەلەوەر دەسەپێنێ


کۆمپانیای بەنێوبانگی ماکدۆناڵد مەرجی نوێ دەسەپینێ بەسەر ئەو کێڵگە پەلەوەرییانەی مریشکیان لێدەکڕێ و دەڵێ مەبەستیەتی رەچاوی مافی ئاژەڵان بکەن و گۆشتێکی تەندروستانەتریش بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنن.

پێشووتر کۆمپانیای ماکدۆناڵد هاوردەی ئەو مریشکانەی قەدەخەکردبوو کە دەرمانی دژە زیندە هێشتا لە گۆشتەکەیان ماوە کاتی سەربڕینیان، ئێستاش رێوشوێنی نوێ بۆ بەخێوکردن و سەربڕینی پەلەوەرەکان بەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان و دابینکەرانی گۆشتی مریشک دەسەپێنێ.

دەبێ کۆمپانیا دابینکەرەکان تاکو ساڵی 2024 کۆمەڵێک رێوشوێن جێبەجێبکەن، وەکوو کەمکردنەوەی رووناکیی بۆ ئاستێک کە پشووی تەواو بدەن و بنوون، دابینکردنی شوێنی ئەوتۆ لە بواری جموجووڵ و هەڵسوکەوتی سرووشتیان هەبێ و هەندێک رێوشوێنی دیکە کە هەم گرنگن بۆ ژیانێکی سرووشتیی مریشکەکان و هەم بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتێکی تەندروست بۆ مرۆڤ.

کۆمەڵەکانی مافی ئاژەڵان رەخنە لە رێوشوێنەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر دەگرن لە کێڵگە پەلەوەرییەکان، وەک ئەوەی وەهایان لێدەکەن زۆر بخۆن و کەم بخەون و خواردنی پڕ وزەیان پێدەدەن و نەجووڵین، بەوەش زۆر بەخێرایی گەورە دەبن، بەجۆرێک هەندێک جار بەهۆی قورسیی لە راددەبەدەریان لە پێ دەکەون، یان تووشی پەککەوتنی ئەندامانی جەستە دەبن. هەموویشی بۆ ئەوەیە زۆر بگەنە قۆناخی سەربڕین کە دەرەنجام گۆشتێکی ئەوتۆشیان نابێ کە هاوشێوەی پەلەوەرە ئاساییەکان تەندروست بێ.