وەزیری گواستنەوەی هه‌رێم: بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت ھەرگیز گەمەیەكی سیاسی نابەستینەوە

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئەو دەنگۆیانە راست نین كە باس لە بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت ئۆپتیك لەلایەن ھەرێمی كوردستان دەكرێت و ھەرگیز گەمەیەكی سیاسی نابەستینەوە بە خزمەتگوزاری ھاووڵاتیان.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا مەولود باوەمراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: “ئەو دەنگۆیانە راست نین كە باس لە بڕینی ھێڵی ئینتەرنێت ئۆپتیك لەلایەن ھەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو ھێڵە لە ھەرێمی كوردستان چووەتە بەغدا و ھاووڵاتیان و خەڵكی شارەكانی عێراق لێی سوودمەندن، ئەو دەنگۆیانە رەنگە پەیوەندی بە كێبڕكێی نێوان كۆمپانیاكان بێت”.

وتیشی: “وەك ھەرێمی كوردستان ھەرگیز بیر لەو بڕیارەناكەینەوە، ھەرگیز گەمەیەكی سیاسی نابەستینەوە بە خزمەتگوزاری ھاووڵاتیان و دەست بردن بۆ ئەو شتانە تێكەڵكردنی ژیانی ھاووڵاتیانە بە مەلەفە سیاسییەكان”.

سه‌باره‌ت به‌  دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی ،ناوبراو وتی: “تا ئێستا ھیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان نەدراوە، ھەر كاتێك ئەو بریارە بدرێت لە پێشدا فڕۆكەخانەكان ئاگادار دەكرێنەوە، بۆ ئەوەی ھەموو ھێڵەكان ئاگادار بكرێنەوە لە كاتی دیاریكراو ئامادەبن بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوترێت، تەنھا دەنگۆ و پڕو پاگەندەیە”.