جووتیارانی سیدەكان پەرە بە بەرهەمهێنانی تووتنی خۆماڵی دەدەن

ئەمساڵ جووتیارانی گوندەكانی سنووری شاردەێی سیدەكان بە شێوەیەكی بەرچاو بایەخیان بە بەرهەمهێنانی تووتنی خۆماڵی داوە و نرخی هەر كیلۆیەك تا 100 هەزار دینار دەڕوات.

هەڤاڵ شێخ‌زادە، هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی “مەمدیان”ی سەر بە شارەدێی سیدەكان،  ڕاگەیاند، بە شێوەیەكی گشتی تووتنی گوندەكانی سنوورەكەمان بەناوبانگە و ساڵانە بە شێوەیەكی بەرچاو جووتیارانی دەڤەرەكەمان، ڕوو لە بەرهەمهێنانی تووتنی خۆماڵی دەكەن، بەتایبەتیش ئەمساڵ بە شێوەیەك بەرچاو بەرهەم هێنراوە”.

ئەو جووتیارە وتیشی: “بەهۆی تایبەتمەندییەوە خواستی زۆری هاووڵاتییان لەسەر كڕێنی تووتنی دەڤەری سیدەكان هەیە، بۆ نموونە ئێستا وەرزی ڕواندنیەتی موشتەرییەكان داوای دەكەن، نرخەكەشی بەپێی جۆری تووتنەكەیە، هی وا هەیە كیلۆی 100 هەزار دینارە دەكات”.

ئەوەشی خستە ڕوو: “هەندێك لە جووتیاران بۆ ساغكردنەوەی تووتنەكەیان هاوردەی بازاڕەكان دەكەن، هیواش هەیە كڕیاران لە ماڵەوە ڕووی تێدەكەن و تووتنەكەیان لێ دەكڕن”.