جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری ئیبراهم خەلیل بەردەوامە

هەرێمی کوردستان خاوەن چوار دەروازەی نێودەوڵەتییە کە هەریەک لە حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان دەکەونە سنووری ئێران و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل-یش دەکەوێتە سنووری تورکیا.

تا ئێستا بە فەرمیی هیچکام لە دەروازە سنوورییەکان دانەخراون، بەڵام بە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵک و هاتن و چوونییان لە مەرزەکان قەرەباڵغی دروست بووە و ئەمەش وایکردووە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کاتێکی زۆرتر لە چاوەڕوانی دەربازبووندابن.

جێگری سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، محەمەد تاهیر ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەبارەی دڵنیاییکردنەوەی هاووڵاتییانەوە بدات و وتی “ئێمە ناتوانین هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەین و پێویستە وەزارەتی دارایی لەسەر ئەم پرسە قسە بکات”.

لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، شوفێران باس لەوە دەکەن کە هاتوچۆ لە مەرزەکان ئاساییە بەڵام بە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵک و هاتوچۆی زیاتریان، وایکردووە کە ئەوان زیاتر لە نۆرەی دەربازبووندا بوەستن.

شوفێری بارهەڵگر، حسین کرێت حەیدەر =وتی “تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و هاتوچۆ ئاساییە بەڵام ئەگەر مەرزەکە دابخرێت، ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر ئێمە دەبێت و بۆ هەردوولا خراپە، ئەم ریفراندۆمەش بۆ خەڵکی کوردستان شتێکی باشە، بەڵام بۆ حکوومەتی عێراق جێگای دڵگرانییە”.

یەکێکی دیکە لە شوفێری بارهەڵگرەکان کە لە چاوەڕوانی دەربازبوون بوو لە سنووری ئیبراهیم خەلیل بەرەو تورکیا بەناوی مستەفا ئیکێجیی وتی “ماوەی شەش رۆژە لە هەرێمی کوردستانم و ئێستا دەمەوێت بگەڕێمەوە، ئێمە نامانەوێت ئەم رێگایە دابخرێت چونکە هەموومان زەرەرمەند دەبین. لە دوای پڕۆسەی ریفراندۆم، چوون و هاتن سست بووە و داواکارین هیچ ناخۆشییەک دروست نەبێت”.

شوفێرێکی دیکەی بارهەڵگرەکان، دلۆڤان حەیدەر وتی “لەدوای ریفراندۆم، یەکەمجارە بەم رێگایەدا هاتوچۆ دەکەم و لە بەیانییەوە لێرەم، دەبینم هاتن و چوون هەیە و داواکارین کە هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەکرێت”.

لە نزیک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەو گۆڕەپانەکە وەستاون بۆ ئەوەی مامەڵەکانییان رایی بکەن و بکەونە نۆرەگرتن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکی تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی بەغدا مۆڵەتی سێ رۆژی داوەتە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بۆ ئەوەی گەشتەکانییان رابگرن و بەم پێیەش ئەمڕۆ سەرجەم گەشتە دەرەکییەکان لەم دوو فڕۆکەخانەیە دەوەستێت و تەنیا گەشتە ناوخۆییەکان بەردەوام دەبن.