ئەستێرەكانی سینەما‌ سەردانی سلێمانی دەكەن

بە بەشداری چەندین ئەستێرەی سینەمایی جیهانی‌، بڕیارە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە1ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا لەسلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

پایتەختەی رۆشنبیری لەئامادەكاریدایە بۆ میوانداریكردنی ژمارەیەكی زۆر لەئەستێرەی سینەمایی جیهانی‌، بەڕێوبەری فێستیڤاڵیش دەڵێت: سیمای پایتەختی رۆشنبیری بەچالاكی هونەری‌ و سینەمایی دەدرەوشێنینەوە. 

خولی دووەمی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكەی سلێمانی، لەكۆتایی ئەم مانگەدا دەستە دەستە پێشوازی لەمیوانەكانی دەكات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا میوانداری لەچوار ئەستێرەی سینەمایی سویدی دەكات، لەوانە (كارینا مارگریتا جوهانسن) ئەستێرەیەكی سینەمای وڵاتی سویدەو لە 21 ئاداری ساڵی 1960 لەدایكبووە، یەكێكە لەبەشداربوەكانی فێستێڤاڵ.

هاوكات (جویل نوردستروم چارلس) كە وەك ئەستێرەیەكی سویدی ئەمریكی ناوبانگی دەركردوە، رۆڵی سەرەكی لەفیلمی سویدی (ئایسی مان)دا بینیوەو خەڵاتی ( گۆڵد باجی) وەك باشترین ئەكتەر لەم فیلمەدا وەرگرتووە، جیاواز لەوەش رۆڵی (فرانك فاگنهر)ی لەزنجیرە فیلمەكانی (یوهان فالك) بینیوەو بەشداری لە زۆر فیلم ‌و درامادا كردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییەكانی بەڕێوبەری هونەری فێستیڤاڵ لەم خولەدا (170) فیلم لەفێستیڤاڵدا نمایش دەكرێت‌ و ماوەی حەوت رۆژ چالاكییەكانی فێستیڤاڵ بەردەوام دەبێت، جگە لەنمایشی فیلمەكان چەندین چالاكی گرنگی دیكەی وەك سمینارو ۆورك شۆپ ئەنجام دەدرێت. 

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، (بونتوس ستینشیل) ئەكتەرو بەڕێوەبەری هونەری شانۆی شاری گوتنبرگ كە یەكێكە لەدەستپێشخەرەكانی شانۆ لەستوكهۆڵم ‌و زۆر كاری بەناوبانگی هەیە، بەتایبەت لەكارە شانۆییەكانیدا زۆر ناوبانگی دەركردوە، یەكێكی دیكە دەبێت لە میوانەكان ‌كە بەشداری فێستیڤاڵ‌ دەكات، هەروەك (جوهان گرای) ئەندامی تیمی هەمیشەیی شانۆی شاری گوتنبرگە  هونەرمەندێكی لێهاتوو بە ئەزمونەو خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیەو جیاواز لەئەزمونەكانی دیكەی لە‌زانكۆ وانەی میوزیكی وتووەتەوە، هەروەها گرای مامۆستای سەرەكی قوتابخانەی شان}ی (ئانجرید) بووە. 

هەر لەوڵاتی سویدەوە ئەكتەرێكی دیكەی بەناوبانگ بەشداری فێستیڤاڵ دەكات بەناوی (وریك ریج) كە وەك ئەكتەر رۆڵێكی گرنگی هەبووەو ئەزمونێكی گەورەی هەیەو توانیویەتی ناوبانگێكی زۆر پەیدابكات.

خولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە وادەی دەستپێكردنی نزیكبۆتەوەو بریارە 1ی ئۆكتۆبەر بكاتە یەكەم رۆژی فێستیڤاڵەكەو بۆ ماوەی حەوت رۆژ چالاكییەكانی بەردەوامبێت.