سلێمانی.. بازاڕی ئاژەڵان لە پێش جەژندا

بازاڕی ئاژەڵان لە شاری سلێمانی لە پێش ھاتنی جەژنی قوربان، قەرەباڵەخی بەخۆوە دەبینێت و جمەی دێت لە فرۆشیاران و کڕیارانی ئاژەڵ بۆ قوربانی، بەڵام کاسبکارانی ئەو بازاڕە دەڵێن بازاڕیان وەک ساڵانی رابردوو نییە و قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر پیشەکەی ئەوان و رێژەی قوربانیکردنی ھاووڵاتییانیش کردووە.

پێش دوو رۆژ لە ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی ئاژەڵان لە شاری سلێمانی گەرموگوڕی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، ئەو کەسانەی ئاژەڵیان ھەیە و ئامادەیان کردوون بۆ قوربانیکردن ئاژەڵەکانیان دەھێننە بازاڕەکە و بۆ فرۆشتن نمایشیان دەکەن، کڕیارانیش ئەو کەسانەی نیازی قوربانیکردنیان ھەیە لە رۆژانی جەژندا دەچنە ئەو بازاڕە و بە دوای ئاژەڵێکی باشدا دەگەڕێن کە مەرجی قوربانی تیادا بێت.

ھەرچەندە بازاڕی ئاژەڵان زیاتر لە رۆژانی جەژندا قەرەباڵەختر دەبێت و گەرموگوڕی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم رۆژانەشدا ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی سەردانی ئەو بازاڕە دەکەن و ئاژەڵی گەورە و بچووک دەکڕن و ئامادەیان دەکەن بۆ رۆژانی جەژن بۆ قوربانیکردن.

نەسرەددین نوری کاسبکارێکی تەمەن ٦٠ ساڵانی بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانییە و ماوەی ٣٠ ساڵە سەرقاڵی ئەو کارەیە، ئەو بە بەراورد بە ساڵانی رابردووتر باس لەوە دەکات ئاستی کڕینی ئاژەڵ و قوربانیکردنی ھاووڵاتییان بە رێژەی ٣٠ تا ٤٠ لەسەد دابەزیوە.

ئەو وتی: “لە چاو سالانی رابردوو کە من ٣٠ ساڵە لەم بازاڕە سەرقاڵی ئەم کارەم، خەڵک کەمتر قوربانی دەکەن و قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری لەسەر قوربانیکردنیش کردووە، جاران زیاتر ئاژەڵی گەورە فرۆشیان ھەبوو بۆ قوربانیکردن، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوەیە و زیاتر ئاژەڵی بچووک بازاڕی ھەیە و بۆ ھەر کیلۆیەکیش ھەزار دینار دابەزیوە”.

ساڵح خالید فرۆشیارێکی تری ئاژەڵە لەو بازاڕە و حەوت ساڵە سەرقاڵی ئەو کارەیە، ئەو دەڵێت “بازاڕ و کڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن باشە، بەڵام وەک ساڵانی پێشتر فرۆش نییە، ئەوانەی سەردانمان دەکەن و ئاژەڵ دەکڕن بۆ قوربانی زیاتر داوای ئاژەڵی بچوک لە مەڕ و بزن دەکەن”.

کاسبکارێکی تری بازاڕەکە چۆمان لەتیف کە دەرچووی زانکۆیە و بە ھۆی دانەمەزراندنەوە لەو بازاڕە کار دەکات، باس لەوە دەکات “ساڵانی رابرددو تا ئەم کاتە ھەزار سەر ئاژەڵ دەفرۆشرا، ئاژەل لە ئێران و سووریاوە زیاتر دەھێنرێت و لەگەڵ ئەوەی تەنھا دوو رۆژ ماوە بۆ جەژن، بەڵام بازاڕ وەک پێویست نییە”.

رزگار عومەر تەمەنی ٤٧ ساڵە و کاسبکارە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، ئەو وەک خۆی دەڵێت ساڵانە قوربانی دەکات و ئەمساڵیش ھاتووە بۆ کڕینی ئاژەڵ و لە رۆژانی جەژندا دەیکاتە قوربانی، بەڵام نیگەرانە لەوەی کە سەرەڕای کەمبونەوەی داھات و پارە، نرخی ئاژەڵەکانیش بەرزە و زۆرکەس توانای ئەنجامدانی قوربانی کردنی نییە.

لە لای خۆیانەوە تیمەکانی چاودێری قایمقامیەتی سلێمانی، چەند لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ چاودێریکردنی شێوازی سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانیکردن و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن بۆ پاراستنی تەندروستی و ژینگەی ھاووڵاتییان و شارەکەش لە سەربڕینخانەکان قوربانییەکانیان بکەن، بە پێچەوانەوە لەناو کۆڵان و شەقامەکان چاودێری وردی ئەو کەسانە دەکەن و دەست بەسەر ئاژەڵەکانیاندا دەگرن.