بۆ ئەوەی كارەكەت لەدەست نەچێ خۆت لەم چوار هەڵەیە بپارێزە


بنەمایەكی دیاریكراو هەیە كە هەموو خاوەن كارێك دەیەوێ بەكەمترین پارە خەڵك دامەزرێنێت، بەڵام فەرمانبەر دەیەوێ زۆرترین مووچەی شیاو بەدەست بێنن.

بۆ ئەوەی لە كاتی یەكەم دیداری وەرگرتنی كارێكی نوێدا هەلەكەت لە دەست نەچێت، پێویستە خۆت لەو چوار هەڵەیە بەدوور بگری، كە ئەگەری هەیە لەبارەی باسكردنی مووچەوە ڕووبەڕووت بێتەوە.

هەوڵ بدە لە یەكەم دیداردا باسی دیاریكردنی مووچەكەت نەكەی، بەڵكو ئەگەر پرسیاریشت لێكرا، زیاتر باسی تواناكانی خۆت بكە، چونكە ئەگەر مووچەیەكی زۆر داوا بكەی ئەوا بەدوای كەسی دیكەدا دەگەڕێن، ئەگەر موچەیەكی كەمیش داوا بكەیت ئەوا لە پێگە و بەهای ئیشی خۆت كەم دەكەیتەوە.

بەهیچ شێوەیەك مەڵێ دەمەوێ بەمووچەی ئەوەندە تا ئەوەندە كار بكەم، چونكە لە نێوان ئەلف و بادا، بێگومان خاوەن كارەكە ئەلف هەڵدەبژێرێ و دەڵێ بۆچی زیاتری پێبدەم، بۆ نمونە ناشێ بڵێی “من دەمەوێ موچەكەم لە نێوان یەك هەزار دۆلار تا یەك هەزار و پێنجسەد دۆلار بێت”.

خۆت لەوە بپارێزە كە باسی بڕێكی نزیك كراوە لە بەهای مووچەكەت بكەی، بۆ نمونە مەڵێ بەنزیكەی هەزار دۆلار كار دەكەم. تەنانەت ئەگەر خاوەنی كارەكەش باسی لە مووچەیەكی نزیكراوە كرد، خۆتی لێ بپارێزە و هەوڵ بدە بەسەریدا تێپەڕێنی.

گوێ بەوە مەدە داخۆ فەرمانبەرەكانی هاوشێوەی تۆ لەو شوێنە چەند وەردەگرن، بەڵكو بەدوای زانیاری و دۆكیۆمێنتدا بگەڕێ و بزانە بەشێوەیەكی ئاسایی فەرمانبەران بەتایبەمەندییەكانی تۆ لە هەر شوێنێك بە چ موچەیەك كار دەكەن.