ژاپۆن و عێراق بەبڕی ١٩٥ ملیۆن دۆلار رێککەوتنامەیەک لەبواری کارەبا واژۆ دەکەن


حکومەتی عێراق رێککەوتنامەیەکی لەگەڵ ژاپۆن لە کەرتی کارەبادا واژوو کرد کە بریتییە لەیارمەتیدانی وڵاتی ژاپۆن لە پرۆژەی چاککردنەوەی وێستگەی کارەبای بەسرە.

 ئەمرۆ شەممە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و ژاپۆن بۆ پەرەپێدانی کارەبا بووە بەتایبەت چاککردنەوەی وێستگەی کارەبای بەسرە و تێچووی ئەو پرۆژەیە بریتی دەبێت لە ١٩٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی”.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا “رێککەوتنەکە ئەمرۆ لە بەغداد لەنێوان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کێنتارۆ سۆنورا وەزیری دەرەوەی ژاپۆن واژۆ کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا کاروبارەکانی ئەو پرۆژەیە دەستپێدەکات”.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەهۆی خراپی دۆخی کارەباوە لە شارەکانی باشوری عێراق چەندین خۆپیشاندان ئەنجامدراوە و تێیدا بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان داوای باشترکردنی دۆخی کارەبایان دەکرد لە وڵاتەکەیاندا.