یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان: ئەو پروپاگەندانە رەتدەكەینەوە كە باس لەگرانبوون و کەمبونەوەی خۆراك دەکەن

كۆبوونەوەی ژمارە 46ـی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەشاری ھەولێر بەرێوەچوو.

ئەمرۆ رێكەوتی ٢٠١٧/٨/٣ یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی د. دارا جەلیل خەیات و جێگران و ئەندامانی یەكێتیەكە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە(46) ئەنجامدا . 

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوور بازرگانیەکان ڕایگەیاند” لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان كرا”.

ئاماژەی بەوەشدا لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنیەتی بەشداری پێکردنی كەرتی كشتوكاڵی بۆ ناو ژوورە بازرگانیەكان كرا .

ڕاشیگەیاند “لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوەشكرا كە لە ئێستادا هەموو ئەو پروپاگەندانە رەتدەكەینەوە كە باس لە گرانبوون  و كەمبوونەوەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دەکەن، بەردەوام ژوورە بازرگانیەکان  لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان و خاڵە سنووریەكان كە جوولە و جموجۆڵی بازرگانی وەكو خۆیەتی و هیچ گرانبوون و كەمبوونەوەیەك خۆراك لە بازارەكاندا نیە” .