بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی دۆلار دەداتە کۆمپانیاکانی دراو لە هەرێمی کوردستان

بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات، تاوەکو رۆژی 1ـی ئاداری 2023 خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن و کۆمپانیاکانیان تێکەڵبکەن، بەجۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێت بەیەک.

بەپێی نووسراوێکی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کە رۆژی 2ـی ئەم مانگە بە ژمارە 29/س/4 دەرچووە، سەرجەم کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2022ـی هەموارکراو تایبەت بە رێکخستنی کارەکانی کۆمپانیاکانی دراو ئاگاداردەکاتەوە.

لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر هاتووە، “ئاماژە بە نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق/ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتیی دیوان/فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ژمارە 119ـی رۆژی 15-1-2022، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و خۆگونجاندنی کۆمپانیاکان لەگەڵ (رێنماییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2023 بۆ رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو و نێوەندگیری بۆ فرۆشتنی دراوە بیانییەکانی هەموارکراو) کە بەکردەیی یەکگرتنی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی جۆرەکانی A  و B، پێویستە ئەم دوو بڕگەیە جێبەجێ بکەن:

1- پێویستە تاوەکو رۆژی 1-3-2023 هەموو کۆمپانیاکانی دراو سەردانی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و لقی سلێمانی بانک بکەن بۆ جێبەجێکردن و خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی تایبەت بەو پرسە کە ئاماژەی بۆ کراوە و پەلە بکەن لە پێشکێشکردنی داواکارییەکانی یەکگرتن لە چوارچێوەی جۆرەکانی A و B.

2- لە دوای رۆژی 1-3-2022، هەر کۆمپانیایەک کە خۆی لەگەڵ رێنماییەکان نەگونجێت، دادەخرێت و مۆڵەتی پێشووی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە و هەڵدەوەشێنرێتەوە.

بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کاری کۆمپانیاکان رێکدەخرێنەوە و بەپێی مەرجەکان دەبێت لانیکەم پێنج کۆمپانیا یەکبگرن و ببنە یەک کۆمپانیای نوێ، هەروەها کۆمپانیای جۆری A سەرمایەی لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت و جۆری B دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار  کەمتر نەبێت، لە مەرجەکاندا ئەوەش دیاریکراوە کە مۆڵەتی کۆمپانیاکانی دراو دوای کارەکانی تیکەڵکردن لە کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی دراو دەدرێت و بەپێی پێداویستییەکانی بازاڕ کە لەلایەن بانکی ناوەندیی و بەپێی سیاسەتە نەختینەییەکانی دەخەمڵێندرێن.

نووسراوەکە بە ناونیشانی “خۆگونجاندنی کۆمپانیاکانی دراو” گۆڕینی دراوی بیانی “لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو و نێوەندگیر لە کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکانی هەموارکراو.” بۆ کۆمپانیاکانی نێوەندگیر لە کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن نێردراوە.

ماوەی دوو مانگ دەبێت بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینی بەردەوامدایە و ئەمڕۆ سێشەممە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 160 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند.

بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار، 100 دۆلاری ئەمریكی لە بانكەکە بە 146 هەزار ‏دینار دەفرۆشێتە ئەو کۆمپانیایانە.

بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزکردەوە.