سەرۆکی ژوور: پڕۆژەی گەنجینەکان لەقۆناغی تەندەر ئامادەکردن و جێبەجێکردندایە

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە شارەوانی سلێمانی پڕۆژەی گەنجینەکان دەخرێتە تەندەرەوە بەمەبەستی جێبەجێکردن، پارەکەشی لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازییەوە دابین دەکرێت، ئەو دەڵێت “ئێمە هیوادارین هەموو پرۆژە بازرگانیەکان موڵکی  شارەوانی بێت”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند کە پرۆژەی دروستکردنی گەنجینەکان لە قۆناغی  تەندەر ئامادەکردندایە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریەکانی ناو پرۆژەکە لەئاوو ئاوەرٶو شەقام و کارەبا، ئەو وتی “ئەمە ئەرکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیە کە خزمەتگوزاریەکانی پرۆژەکە بەو بڕە پارەیە جێبەجێ بکات لەبازرگانان وەردەگیرێت، شارەوانی سلێمانی پرۆژەکە دەخاتە تەندەرەوە، بەڵام پارەکەی لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دابین دەکرێت”.

وتیشی “ئەو کەسانەی فۆڕمی گەنجینەکانیان لە ژووری بازرگانی پڕکردۆتەوە، دەبێت کارو پیشەیان بازرگانی بێت و ناسراو بن و هەڵگری پێناسی ژووری بازرگانی بن،  دوای وەرگرتنی گەنجینەیان ناوەکانیان دەدرێت بەشارەوانی سلێمانی بۆ ئەوەی گرێبەستی ٢٥ ساڵەیان بۆ بکرێت، بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی بازرگان بێتو نرخەکەی گونجاو بێت لەبەرئەوەی بازرگانان لەسەر ئەرکی خۆیان گەنجینە دروست دەکەن، چاوەڕوان دەکەین ئەم گەنجینانە ببنە سەنتەرێکی گرنگی کاری بازرگانی لەشاری سلێمانیدا”.

سیروان محەمەد ئەوەشی رونکردەوە کە هیوادارن هەموو پرۆژە بازرگانیەکان موڵکی شارەوانی بن، ئەو وتی “شارەوانی سلێمانی خەرجیەکی زۆری هەیە، ئەمەش دەبێتە بە داهاتێک بۆ شارەوانی سلێمانی و داهاتەکەش تەرخان دەکرێت بۆ ئەو پرۆژانەی کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراون، و بەمەش خزمەتێکی گەورەی شارەکەمان دەکەین”.