قەتەر گرنگی بەکاری بازرگانی لەگەڵ شاری سلێمانی ده‌دات


وڵاتی قەتەر خوازیاره‌ لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانیدا پەیوەندییه‌ بازرگانی و ئابورییه‌كانی بەھێز بکات.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور جێگری دووەمی سەرۆکی ژوور پێشوازیان کرد لە “محه‌مه‌د بن ئەحمەد بن توار کواری” جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی و بەڕێوەبردن لەقەتەرو ژمارەیەک لە بازرگانانی ئەو وڵاتە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند “بازرگانانی وڵاتی قەتەر بەمەبەستی ئەنجامدانی پەیوەندی بازرگانی و كاری وەبەرھێنان سەردانی سلێمانیان کردووە تا لە نزیکەوە ئاگاداری جموجۆڵی بازرگانی و وەبەرھێنان و یاساکانی کارکردن بن بۆ ئەوەی ھانی بازرگانانیان بدەن کە کاری بازرگانی  و وەبەرھێنان لە شاری سلێمانی بکەن”.

ئاماژەی بەوەشدا “وڵاتی قەتەر بەگرنگیەوە دەیەوێت کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی بکات لە بواری خۆراک و سەوزەو میوەدا، لەگەڵ چەند بازرگانێکی خۆراکدا گفتوگۆیان کرد تا بتوانن کاری بازرگانی بکەن، داواشیان لێ کردین لەبواری کشتوکاڵدا ئەو میوە و سەوزانەی لەپێداویستی ناوخۆی کوردستان زیاترە  ڕێگەیەک بدۆزینەوە و ھەناردەی قەتەری بکەین”.

محه‌مه‌د بن ئەحمەد بن توار کواری، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی و بەڕێوەبردن لەقەتەر ڕایگەیاند “سەردانەکەمان بۆ بینینی شاری سلێمانی و ناسینی بازرگانانی ئەم شارەیە، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکی باش دروستبکەین لەنێوان بازرگانانی ھەردولادا بۆ ئەوەی بتوانین ئاڵوگۆڕ لەکاری بازرگانیدا بکەین، کە ئەمەش دەبێتە سه‌ره‌تای پەیوەندیەکی باش لەنێوان ھەردولادا”.

ڕاشگەیاند “شاری سلێمانی بەشێوەیەکی باش کاری بازرگانی تێدا پێشكه‌وتوه‌و بازرگانانی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانانی تەواوی وڵاتانی جیھاندا، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ بازرگانانی قەتەریشدا ئەو پەیوەندیە دروست ببێت”.

شانده‌ بازرگانیه‌كه‌ی وڵاتی قەتەر بۆ یەکەمجارە سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و داوای ئەنجامدانی  کاری بازرگانی و وەبەرھێنان دەکەن لەنێوان ھەردولادا.