هەلی كار بۆ كرێكارە خۆماڵییەكان دابیندەكرێت

مۆڵەتدان بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت مەرجی تایبەتی دەبێت
بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ كرێكارانی خۆماڵی، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رێنماییەكی دەركردووە بۆ پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكانی بەكارخستنی كەرتی تایبەت.
ئاسۆس نەجیب وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رێنمایی ژمارە 3 ی ساڵی 2012 ی دەركرد، بەگوێرەی رێنماییەكەش مۆڵەت دەدرێت بە كۆمپانیاكانی بەكارخستنی كەرتی تایبەت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ كرێكاری خۆماڵی لە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا.
وەزیری كار وتیشی: لەمەودوا وەزارەتی كار بەپێی چەند مەرجێك مۆڵەت دەدات بە كۆمپانیاكانی بەكارخستنی كرێكاری خۆماڵی لە كەرتی تایبەت، پێویستە كۆمپانیاكە تۆماركرابێت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان، بوونی شوێنی گونجاو و كارمەندی لێهاتوو و راهێنراو و شارەزا لە كۆمپانیاكەدا، لەكاتی دۆزینەوەی هەلی كاردا كۆمپانیا بۆی نیە هیچ بڕە پارەیەك لە كرێكار وەربگرێت، تۆماركردنی ناوی ئەو كرێكارانەی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوەیە قەدەغەیە، جگەلەمانەش پەیڕەوكردنی بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری لە دەستنیشانكردنی كرێكاران دوور لە جیاوازی لەسەر بنەمای رەگەز و رەنگ و ئایین و پایەی كۆمەڵایەتی پیادە دەكرێت.
راشیگەیاند: لەكاتی پاپەندنەبوونی كۆمپانیا بە یاساو رێنماییەكان، دوای ئاگاداركردنەوەی بۆ دووجار و نەبوونی هیچ چالاكییەك و دۆزینەوەی هەلی كار دوای شەش مانگ، كۆمپانیاكە بە رەسمیی مۆڵەتەكەی لێ دەسێنرێتەوە.