ئەمریکا ١٥٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ بوژاندنەوەی عێراق تەرخان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ١٥٠ ملیۆن دۆلاری تر تەرخان دەکەن بۆ عێراق بە مەبەستی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵکراونەتەوە.

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار دەداتە پرۆگرامی گەشەسەندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بوژاندنەوە و گەڕانەوەی سەقامگیری لەو ناوچانەی عێراق کە کۆنترۆڵکراونەتەوە لەدەستی داعش.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارەکە یارمەتی حکومەتی عێراق دەدات بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و چاککردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنێ خۆیان کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراون لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە.

بە دابینکردنی ئەم بڕە پارەیە، کۆی ئەو پارەیەی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا تەرخانی کردووە بۆ عێراق دەگاتە زیاتر لە ٢٦٥ ملیۆن دۆلار.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لیز گراند هەماهەنگکاری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیانەکانی موسڵ زۆر زیاترن لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، بە جۆرێک چاککردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و قوتابخانەکان زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری پێویستە.

ناوبراو وتیشی “ئەوەی کە لە ڕۆژئاوای موسڵ دەیبینین خراپترین زیانە لە تەواوی پێکدادانەکاندا و زیاتر لە یەک ساڵی پێویستە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری، بەڵام بەری ڕۆژهەڵات دوو مانگی پێویستە”.

لە ١٩ى شوباتى ڕابردوودا ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەرى ڕۆژئاواى موسڵ دەستیپێکرد و لە چوار مانگى ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون.

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران حەیدەر عەبادی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە هەواڵی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شاری موسڵ ڕادەگەیەنن.