سلێمانی..كارگەیەكی زەیتی زەیتون دروستدەكرێت

بڕیارە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بەهاوكاری حكومەتی ئیتاڵیا كارگەیەكی زەیتی زەیتون لەسلێمانی دروستبكات، بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش رایدەگەیەنێت: دروستكردنەكەی بڕیاری لەسەردراوە و تەنها بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانیش بەكاردەهێنرێت.

خاڵس ئەحمەد بەرێوبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم راگەیاند: بڕیارە وەزارەتی كشتوكاڵ بەهاوكاری حكومەتی ئیتاڵیا، كارگەیەكی زەیتی زەیتون لەسلێمانی دروست بكات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم وتیشی:دروستكردنی كارگەكە لەئێستادا بڕیاری لەسەردراوە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاشكراشیكرد،”لەدروستكردن و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونی كارگەكەدا، تەنها بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێم بەكاردەهێنرێت”، ئەگەرچی بەرهەمەكەش كەمبێت و دروستكردنی كارگەكەش هاندانێكی باش دەبێت بۆ جوتیاران تاوەكو زیاتر پەرە بە بەرهەمهێنانی زەیتون بدەن، چونكە زەوی و ئاو و هەوای كوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتون.