شیرینی ئیستانبوڵ لە سلێمانی

ئایهان ئاكان و چوار هاوكاری تری ماوەی هەشت ساڵە لە شاری بینگۆلی توركیاوە هاتونەتە شاری سلێمانی و دوكانێكی گەورەی شیرینیان بەناوی شیرینی ئیستانبوڵ كردۆتەوە، شیرینییەكانی ئیستانبوڵ بەلای خەڵكی شارەكەوە تایبەتن و كڕیاری تایبەتی خۆیان هەیە.

لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی ئەو كاڵا و خواردن و كەلوپەلانەی ماركەی توركیان خواستی زۆری هاووڵاتیانیان لەسەرە و بەهۆی بەرزی كوالێتیانەوە زیاتر روو لەو كاڵا و خواردنانە دەكەن.

ئایهان لەبارەی كارەكەی و شیرینی ئیستانبوڵ لە سلێمانی وتی: “من ماوەی هەشت ساڵە هاتومەتە شاری سلێمانی و ئەم شیرینی خانەیەمان داناوە، شیرینی ئیستانبوڵ دەرەجە یەكە و لێرە پێنج تا شەش جۆر شیرینی ئیستانبوڵی و توركی لە كەنافە و كەنافەی گەرم و شەعریە و چەند جۆرێك پاقلاوە و دۆڵمە دروست دەكەین”.

ئەو دەڵێت: “لەماوەی ئەو چەند ساڵەی لە سلێمانی كار دەكەین، خواستێكی زۆر لەسەر شیرینی ئیستانبوڵ هەیە و خەڵكانێكی تایبەت سەردانمان دەكەن، بەشاهیدی ئەو كەسانە شیرینییەكانمان پلە یەكن و تایەتن”.

ئەو كەرەستانەی شیرینی ئیستانبوڵی پێدروست دەكرێت لە توركیاوە دەهێندرێتە شاری سلێمانی لە ئارد و رۆن و فستەق و پێداویستییەكانی تر، دواتر لەنێو كارگەی شیرینیخانەكە جۆری شیرینییەكان دروست دەكرێت.

خاوەنی ئەو شیرینییە باس لەوەش دەكات، قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كە ماوەی سێ‌ ساڵە هەرێمی گرتۆتەوە و كاریگەری لەسەر هەموو بوارەكان كردووە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی ئەوانیش كردووە و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی كەمتر لە هاووڵاتیانی شارەكە سەردانیان دەكەن.