مەترسی لەسەر ئابووری هەرێم هەیە بەوەی دەست بەسەر داهاتی نەوتدا دەگیرێت


كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی‌و چەند كۆمپانیایەكی تر سكاڵایەكی تریان لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركرد، كە بەمەترسی بۆ سەر ئابووری هەرێم دادەنرێت، بەوەی دەست بەسەر داهاتی نەوت دەگیرێت.

داناغاز، لەگەڵ كۆمپانیاكانی پێرڵ پترۆڵ‌و زەیت هیلالی ئیماراتی، سكاڵاكەیان لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، كە لەدادگای واشنتۆن دیسی ئەمریكا سكاڵاكەیان تۆماركردووە، ئەوەش بەهۆی زیانەكانی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و داوای 26 ملیار دۆلاری تر قەرەبوو دەكات.

كۆمپانیا ئیماراتییەكەو ئەو كۆمپانیانەی تر، كە لەچەند كێڵگەیەكی غازی سروشتی لەهەرێم كاری وەبەرهێنانی غازی سورشتی دەكات، بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووەكەی لەدادگا ئەمریكییەكە سكاڵایان تۆماركردووە، كە لەئەگەری بردنەوەی سكاڵاكە مەترسی لەسەر ئابووری هەرێم دروستدەبێت.

مەترسییەكە لەوە سەرچاوەی گرتووە، كە نەوتی هەرێم بەدراوی دۆلار دەفرۆشێت‌و ئەو پارەیەش مانگانە لەبانكەكانی ئەمریكا هەڵدەگیرێت، بۆیە دادگا ئەمریكییەكە بۆ قەرەبووەكەی كۆمپانیاكان دەتوانێت بڕیاری دەستگرتن بەسەر پارەو داهاتی نەوتی هەرێم بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە، داناغاز پێشتر چەند جارێكی تر سكاڵای لەحكومەتی هەرێم كردووەو داوای قەرەبووی پابەندنەبوونی بەگرێبەستەكەی نێوانیانی كردووەو دوو ملیار دۆلاری تریشی وەك قەرەبوو لێوەرگرتووە.

دانا غاز لەمانگی 2 ئەمساڵ سكاڵایەكی لەهەرێم بردەوە، ئەوەش لەدادگایەكی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیاو 12/5/2017 سكاڵاكەی لەو دادگا ئەمریكییە تۆماركردووەو داوای 26 ملیار قەرەبوو دەكات.