من هیچ ناڵێم !! خۆزگە بمزانیایە ئێوەی خوێنەر ئەڵێن چی ؟

ئەوەی لەبەر دیدی بەڕێزتاندایە هەواڵی بڵاو کردنەوەی هەواڵێکی زۆر سانایە کە لە وڵاتێکی خواپێداودا گوزەراوە، ڕەنگە ئەگەر بەغیلیان پێبەرین ناهەقمان نەبێت هەرچەندە دەست بەدوعام لە چاوی بەد بەدور بن بەچاوی ئێمەی  چارە ڕەشیشەوە نەبن.  

بەسەرهاتەکە لە ڕٶژنامەی (Kurier) هەروەها (WOCHEN BLICK ) وەرگیراوە ، چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نەمساش پەخشیان کردوە ،وە ئەتوانن لە چەندین پێگەی ئینتەرنێتیدا بیبینن.

ڕۆژی شەشی نیسانی ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتی نەمسا (Kristian Kern )ی تەمەن پەنجاویەک ساڵ، کە خۆیان ڕاوێژکاری پێ ئەڵێن لە کردەیەکی چاوەڕوان نەکراوا خۆ ئەکات بە دوکانێکی پیتزا فرۆشتندا لەیەکێک لە گەڕەکە میلیەکانی ڤیەننادا، کە ئەوروپاییەکان ئەوشارە بەدڵی ئەوروپا ناوزەدی ئەکەن، داوای ئەوەیان لێئەکات کە رێگەی بدەن چەند داوکاریەکی پیتزا بگەیەنێتە ماڵان. 

وە بۆشیان ڕون ئەکاتەوە مەبەست لەم کارەی ئەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکداو بێ خۆ ئامادەکردن قسە بکات ، بیانوەکەشی ئەوەیە کە خەڵک سەردانی ناکەن بۆ ئۆفیسەکەی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ، ، هەر بۆیە بەرگی کرێکارێک ئەپۆشێ و کامێرایەک لە پاکەتێکی پیتزادا چاسپ ئەکات تا چاوپێکەوتنەکانی پێ تۆمار بکات ،لە ماوەی سێ سەعاتدا پیتزا ئەگەیەنێتە حەوت ماڵ ،زیاتر لە حەوت یۆرۆش شاگردانە وەرئەگرێت دوای بەدەست گەیاندنی داواکانیان داوائەکات کە ڕێگەی بدەن بۆ چەند دەقیقەیەک بچێتە ژوورەوە لایان دابنیشێ وقسەیان لەگەڵ بکات تا بزانێ خەڵکی لەچی نیگەرانن ، یاخود چاوەڕوانی چێن لە پیاوانی سیاسی وڵات ، پاش جێ بەجێکردنی بیرۆکەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کردیانە هەڵا کە گوایە جەنابی سەرۆک وەزیران بۆ خۆنواندن ئەم کارەی کردوە و ئۆتۆمبێلی حکومەتی بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی پیتزاکان ، لەوەڵامدا ئەو پیاوە وتی پیتزا فرۆشیەکە بە مۆتۆرساکێل داواکانیان ئەگەیاندە ماڵان ، بەداخەوە من مۆتۆرساکێلم نیە لێشی نازانم ، بۆیە ناچار بوم ئەو ئۆتۆمبێلە بەکار بهێنم کە هاتوچۆم پێئەکات بۆ سەرکارەکەم .
 
وە ڕۆژنامەی (القدس العربی) لەسەر ماڵپەڕی ئەلەکترۆنی خۆی لە ڕۆژی (٢٢/٤/٢٠١٧) دا ئەم هەواڵەی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و بڵاوی کردەوەو، وە گرنگی دا بەو قسەیەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە کە وتویەتی ، ( بە داخە ، خەڵک نایەن بۆ بنکەی ڕاوێژکاری ،بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات خۆم بچم بۆلایان ).

 

 فەرمون ئەم لینکانە ببینن، بزانن خوا پێداوان چیان هەیە

 

http://www.alquds.co.uk/?p=708080