پرسی گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند “گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک لە لایەن ئێرانەوە لەم کات و ساتەدا فشارێکە دژبە ئەنجامدانى ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان”.

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند: “بە هۆى گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەى کەم ئاوى کەوتووەتە سەر زیاتر لە ٨٠ هەزار هاووڵاتى شارۆچکەى قەڵادزێ و زیانى ماددى زۆریش بە پڕۆژەکانى وەک پڕۆژەى بەخێوکردنى ماسى و پڕۆژەکانى دیکەى جووتیاران، ئاژەڵداران و پڕۆژەکانى گەشتیارى و چەندین پڕۆژەى دیکەى ناوچەکە کەوتووە، بە وردى نازانین بڕى چەند زیان بە هەرێمى کوردستان کەوتووە، بەڵام دەتوانین بڵێین زیانەکان یەکجار زۆرن”.

عەبدولستار مەجید ئاماژەى بەوەشدا کە ئێران زیاتر لە ١٠ ساڵ پێش ئێستا سەرقاڵى دروستکردنى بەنداوێکە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە سنوورى شارى سەردەشت، لەم کات و ساتەدا ئێران بە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک و کۆگاکردن و گلدانەوەى ئاو لە بەنداوى کەلوەتە لە سنوورى سەردەشت، جگە لەوەى وەک ئێران خۆى بانگەشەى بۆ دەکات گوایە بۆ سوود بینینى خۆیانە، بەڵام وەک کارتێکى فشاریشە لە بەردەم پڕۆسەى ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان، ئێران دەیەوێت بەو هەوڵەى هەژموونى خۆى بسەپێنى بەسەر گەلى کوردستاندا. وا خوێندنەوە بۆ ئەم کارەى ئێران دەکرێت کە خەڵکى هەرێمى کوردستان نەتوانن سەربەخۆیانە بڕیار لە چارەنووسى خۆیان بدەن.

– “ئەگەر ئێران دوو مەترسێجا ئاو لەسەر هەرێم بگرێتەوە، هەرێمیش یەک مەترسێجا ئاو لەسەر عێراق دەگرێتەوە”

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان رووى قسەکانى کردە حکوومەتى عێراق و بە کەمتەرخەم وەسفى کرد و وتى: “لەبەر ئەوەى رێککەوتن لەسەر حکوومەتى عێراقە و لایەنى پەیوەندیدار عێراقە هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر بە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک لە لایەن ئێرانەوە، ئێمە داواشمان لە عێراق کردووە هەڵوێست بنوێنن و فشار لەسەر ئێران دروست بکەن، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا بێدەنگى نەشکاندووە لەمبارەیەوە”.

عەبدولستار مەجید دەڵێت “ئێمە بە بەرپرسە باڵاکانى حکوومەتى عێراقمان راگەیاندووە ئەگەر ئێران دوو مەترسێجا ئاو لەسەر هەرێمى کوردستان بگرێتەوە جا بە هەر مەبەستێک بێت، ئێمەیش لە پێناو دابینکردنى ئاوى پێویست بۆ هەرێمى کوردستان یەک مەترسێجا ئاو لەسەر خوارووى عێراق دەگرینەوە، چونکە ئەو ئاوەى دەڕژێتە ناو بەنداوى دوکان نەک تەنها بۆ هەرێمى کوردستان سوودى هەبووە، بگرە سوودێکى زۆریشى بۆ پارێزگاکانى خوارووى عێراق هەبووە، کەواتە گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک نەک تەنها زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە تەواوى عێراق دەگەیەنێت”.

– “ئەگەر ئێران لە گرتنەوەى ئاو بەردەوام بێت، شاندێکى هەرێم سەردانى تاران دەکات”

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید دەشڵێت “ئەگەر ئێران لەسەر گرتنەوەى ئاوى زێى بچووک بەردەوام بێت، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە پێدەچیت خۆم وەک وەزیری کشتوکاڵ بە شاندێکى فەرمی سەردانى ئێران بکەین و بابەتەکە یەکلایی بکەینەوە و بۆیان روون دەکەینەوە کە زیان بە ئێمە دەگات و نابێت لەسەر ئەم کارەیان بەردەوام بن، ئێمەیش دەزانین مافى ئێرانە سوود لە ئاوى خۆى ببینێت، بەڵام بە مەرجێک زیان بە ئاوى وڵاتانى دراوسێ نەگەیەنێت، ئەمە لە یاساى نێودەوڵەتیشدا هاتووە”.