بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەرەو سستی دەچێت


ئەگەرچی قەیرانی دارایی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبوو بەڵام دەرکردنی هەندێک رێنمایی و زیادکردنی باج تایبەت بە ئۆتۆمبێل وایکردووە کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەرەو سستی بچێت و بازرگانانیش زیادکردنی باج و رێنماییەکانی تازەی تایبەت بەم بابەتە بە هۆکار دەزانن بە تایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری ژمارەی کاتیین.

پێشانگاکان هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکییان تێدایە و بە پێی قسەی کڕیار و فرۆشیارەکانیش، دوای ئەو بارودۆخەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە ئاستی مامەڵەی بازرگانی دابەزیووە و ئاماژەش بەوە دەکەن کە بە هۆی چەند بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ کە پەیوەندی بە زیادکردنی داهاتەوە هەیە ئەوا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتیی کەمتربووەتەوە.

بە گشتی ئۆتۆمبێلی ناو پێشانگاکان دوو جۆرن، جۆری یەکەم هەڵگری تابلۆی یەکێک لە پارێزگاکانی عێراقن و جۆری دووەم هەڵگری ژمارەی کاتیین، واتا ئەو ئۆتۆمبێلانەی هێشتا تابلۆیان وەرنەگرتووە و پێویستە کڕیار لەسەر ئەرکی خۆی تابلۆی بۆ بکڕێت.

خاوەن پێشانگا، ئەحمەد یوسف وتی: “بە گشتی ئاستی بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێل زۆر گٶڕانکاری بەسەردا هاتووە بە بەراورد بە سێ مانگ بەر لە ئێستا کە ئاستەکە دابەزیووە ئەویش بە تایبەت لە ئۆتۆمبێلی ژمارەی کاتیی چونکە پێشتر ئۆتۆمبێلێکی ژمارەی کاتی پێویست بوو لە یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت و لەم مامەڵەیەشدا بۆ نموونە نرخی تابلۆی سلێمانی یان هەولێر بە ٩٠٠ دۆلار بوو بەڵام ئێستا بووەتە هەزار و ٢٠٠ دۆلار، جگە لەوەش کاتێک دوو ئۆتۆمبێل ژمارەکانییان دەگۆڕییەوە ئەوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ٥٠ هەزار دینارت لێ وەردەگیرا بەڵام ئێستا بووە بە ١٠٥ هەزار دینار”.

ئەو خاوەن پێشانگایە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشتر تەنها پارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەت لێ وەردەگیرا بەڵام ئێستا پارەی ژینگە و شەقام و چەند شتێکی دیکەت لێ وەردەگیرێت و لە درێژەی قسەکانیدا ئەحمەد یوسف وتی: “پێشتر هەر پارەی تابلۆیەکەت لێ وەردەگیرا، بەڵام ئێستا سەرەڕای گرانبوونی تابلۆ، ئەوا بڕی ٨٠ هەزار دیناریش پارەی ژینگەت لێ وەردەگیرێت، جگە لەوەش، پێشتر کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەهاتە ناو هەرێمی کوردستان ئەوا دەبوو هەزار و ٧٠٠ دۆلار بدەیتە گومرگ بۆ هێنانە ژوورەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک بەڵام لە ئێستادا ئەو پارەیە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و بڕی ٢ هەزار و ٣٠٠ دۆلار وەردەگیرێت”.

سەرەڕای سستی بازاڕ و بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێل بەڵام ئەحمەد یوسف ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دۆلار گران بووە، ئاماژەی بەوەش کرد: “ئێستا هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دۆلار هاتووەتە سەر نرخەکەی کە ئەمەش بە بەراورد بە سێ مانگی رابردوو، نرخەکەی بەرزبووەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵە زۆر سستە و خەڵک کەمتر کڕین و فرۆشتن دەکات”.

سەبارەت بەوەی کە ئۆتۆمبێلی کام وڵات زیاتر خواستی شوفێرانی لەسەرە، ئەحمەد یوسف وتی: “ماوەی سێ مانگ بوو ئۆتۆمبێلی ئەمریکایی هاوردەی هەرێمی کوردستان نەدەکرا بەڵام مانگی رابردوو بازرگانان دەستیان کرد بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکایی و بە هۆی هەرزانی نرخەکەشییەوە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکایی باشترە چونکە ئۆتۆمبێلی ئەمریکایی ئەوانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆربەیان پێشتر لەو وڵاتانی خۆیان پێکدادانییان پێکراوە و چاک کراونەتەوە و ئەمەش وایکردووە کە نرخەکەی هەرزانتر بێت”.

لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کڕیارەکان زیاتر لە چەند جارێک سەیری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە خواستییان لەسەرە بەڵام وەک کڕیارەکان دەڵێن بە هۆی زۆری نرخەکەیەوە ناتوانن ئەو سەیارەی خواستییان لەسەرە بیکڕن.

یەکێک لە کڕیارەکان پێی وایە لەبەر گرانی نرخی تابلۆ، ناتوانن ئۆتۆمبێلی تازە بکڕن و ناچارن ئۆتۆمبێلی دەستی دوو بکڕن بە هۆی ئەوەی کێشەی کڕینی تابلۆی نییە.

کڕیار، ئازاد حاجی یاسین وتی: “پێشتر نرخی تابلۆ ٨٠٠ دۆلار بوو، هاوکات قەیرانی داراییش نەبوو بۆیە بە ئاسانی هاووڵاتییان ئۆتۆمبێلی نوێیان دەکڕی و تابلۆکەشیان بۆی دەکڕی بەڵام ئێستا بە هۆی گرانی نرخی گومرگ و گرانی نرخی تابلۆ وایکردووە کە نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ بەرزبێتەوە و کڕینی لە توانای هەموو کەسدا نییە”.

ئازاد حاجی یاسین وتیشی: “ماوەی یەک هەفتە زیاترە هاتوچۆی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دەکەم و شتێکی سەیر دەبینم، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئۆتۆمبێل دەفرۆشم بە نرخێکی زۆر کەمتر لێم دەکڕن و ئەگەریش بمەوێت هەمان ئۆتۆمبێل بکڕمەوە ئەوا بەو نرخەی کە فرۆشتوومە ناتوانم بیکڕمەوە”.

بە پێی ئامارەکانی هاتوچۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکەمین ئۆتۆمبێل کە ساڵی ١٩١٥ لە هەولێر دەرکەوت کە سەربازە ئەڵمانییەکان هێنابوویان بۆ هەولێر و لە ساڵی ١٩٢٨ یەکەمجار خولی فێرکردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کرایەوە و لە ساڵی ١٩٢٩ هاووڵاتیی، عەلی گاور مۆڵەتی ژمارە ١ی وەرگرتووە.