سلێمانی و ھەمەدان پرۆتۆکۆڵێک واژۆدەکەن و پارێزگار پشتیوانی دەکات

بەمەبەستی زیاتر کاری ھاوبەش و بازرگانی کردن لەنێوانیان، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی و ھەمەدان شاندی ژوور پرۆتۆکۆڵێکی لێکتێگەشتنیان واژۆکرد.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤/٢٧، یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ پارێزگاری ھەمەدان و بەرپرسانی ئەو پارێزگایە ،ڕایگەیاند “ھیوادارین ئەمڕۆ بتوانین چەند کارێک بکەین کە ببێتە خێر بۆ بازرگانانی ھەردولا بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوانمان.

راشیگەیاند ئێمە لەدوای ئازادبونمان لە دەستی ڕژێم پەیوەندی باشمان ھەبووە لەگەڵ ئێراندا وە ئێمە بوینەتە بڵاوکەرەوەی کاڵاکانی ئێران و شوێنێکبوین بۆ گواستنەوەی کاڵاکانی ئێران وە پەیوەندیمان تەنھا بازرگانی نیە ھەمیشە بەخۆشی و ناخۆشی پێکەوە بوین ئێران پشتوپەنابووە بۆ کوردستان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد “ھەر پارێزگایەکی ئێران بۆ کارکردن و پەیوەندی کردن و کاری بازرگانی و ئاڵوگۆڕ نەیەتە پیشەوە لەگەڵماندا ئێمە دەچین بەدەمیەوە بەتایبەت بۆ کاری ئابوری کە لە ئێستادا لەگەڵ کۆمەڵێک ژووری بازرگانی ئێراندا کۆمیتەی ھاوبەشمان ھەیە و ھەمیشە کارئاسانیمان کردووە بۆ ئەو بازرگانانەی دێنە سلێمانی کێشەکانی بازرگانانمان ھەمووی چارەسەر کردووە کە لەنێوان بازرگاندا دەبێت”.
 
جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕاشیگەیاند” ژووری بازرگانی سلێمانی تاکە ژوورە لە عێراقدا کە بینای پێشانگای خۆی ھەیە وە چەندین پێشانگای بۆ ئێران تیادا کراوەتەوە وە ئومیدەوارین بازرگانان و پیشەسازان سەردانی سلێمانی بکەن و لەوێ کاربکەن چونکە دەرفەتی کار لەوێ زۆرە و ئاسایشی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە بەتایبەت شاری سلێمانی وە ئەوەی دەیبیستن لەسەر داعش ھیچکات لە کوردستاندا بونیان نەبووە” 

یاسین ڕەحیم ئەوەش ڕوندەکاتەوە” ئێمە کارئاسانی زۆرمان بۆ ئێران کرد  بەڵام بازرگانانەکانیان نەیانتوانی سەرکەوتوبن لەبەر ئەوەی لەگەڵ ڕکابەرەکنیان دەرنەچون لە ئێستادا کاڵاکانی ئێران کەم دێت بۆ کوردستان چونکە نەیان توانیوە لە مونافەسەکردنی بازاڕدا سەرکەون بۆیە پێویستە ئێران بەو کارەی خۆیدا دوبارە بچێتەوە”.

لەکۆتایدا ھیوای خواست بەھاوکاری پارێزگار بتوانن کاری ھاوبەش بکەن و لەنزیکەوە پەیوەندیان پێکەوە ھەبێت وە نامانەوێت ھیچ کەسێک پەیوەندیەکانی نێوانمان تێکبدات .

لای خۆشیەوە پارێزگاری ھەمەدان نیک بەخت ڕایگەیاند” قسەکانی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی مایەی دڵ گەرمیمانە بۆ باشترکردنی کارەکان و دروستکردنی پەیوەندی بەھێز وە لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دراوسێ لە ھەوڵداین کە کاری بازرگانیمان ھەبێت لەبەر ئەوەی ھەمەدان شوێنێکی تایبەتی ھەیە بۆ ئاڵو گۆڕی بازرگانی لە گەڵ سلێمانی باشترین ڕێگەی ھەیە بۆ دروستبونی گەورەتین بازرگانی لەنێوان سلێمانی و ھەمەداندا”.

ڕاشیگەیاند” ئێران جێگەی خۆیەتی لە ھەموو بوارەکاندا جێدەستی ھەبێت لەگەڵ سلێمانیدا تابتواندرێت پەیوەندیەکە بەھێز بکرێت وە لە ئێراندا ھەموو کاڵایەک دەتواندرێت ئامادەبکرێت بەڵام  دەنێت بازرگانان دڵنیاییان ھەبێت لە پەیوەندیەکاندا  ئەگەرنا سەرکەوتن نابێت وە پێشنیار دەکەم بۆ زیاتر بەڕێوەچونی کارەکانتان پەیوەندی بەھێزمان ھەبێت بەوشێوەیە دەتوانین ھەموو پێداویستیەکانتان بۆ دابین بکەین”

پارێزگاری ھەمەدان ئاماژەی بەوەشدا” ژوری بازرگانی ھەمەدان توانای بەھێزی ھەیە لە تەواوی ئێراندا کە ھەموو پێداویستەکانتان بۆ دابین دەکات.

پارێزگاری ھەمەدان داویکرد کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ھەمەدان بەھەردولا پەیوەندیەکی بەھێز و دۆستانە دروست بکەن.

شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێک ھاتوە لە یاسین ڕەحیم جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەحمەد کەلاری و بورھان علی و ئازاد شمقار و کەمال سەعید تەھا کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور.