فراكسیۆنی یەکێتی: پێویستە كاری كۆمپانیا توركیەكان هەڵپەسێردێت

فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا دەكات حكومەتی عیراق و هەرێم هەڵوێستی تووند دژی بۆردوومانەكانی توركیا و بەزاندنی سەروەری خاكی عیراق وەربگرن و كاری كۆمپانیا توركیەكان هەڵپەسێرن. 

فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بەهێرشە ئاسمانیەكەی سوپای توركیا بۆ سەر قەزای شنگال بڵاوكردەوە و تێیدا وێڕای ئیدانەكردنی ئەو هێرشە ئاماژەی بەوەكردووە: حكومەتی توركیا هەر جارەو بە جۆرێك‌ گێچەڵ بە كوردو كوردستان دەكات و سەروەری خاكی عیراق دەبەزێنیت و چەندین جاریش دەستی وەرداوەتە كاروباری ناوخۆی كەركوك و هەرێم و عیراق، بەڵام بەداخەوە نە حكومەتی هەرێم نەحكومەتی ناوەندیش وەكو پێویست وەڵامیان بۆ ئەو پێشێلكارییانەی ئەو وڵاتە نەبووە، هەروەك لەڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە: لەكاتێكیدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە پەلەو بەشێویەكی نادەستووری لە دژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بڕیاری نابەجێ دەردەكات، بەڵام لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان عیراق دەكرێت، بێدەنگی هەڵبژاردووەو ئەوانەشی تا دوێنی فرمێسكی تیمساحییان بۆ سەروەری خاكی عێراق هەڵدەڕشت، ئەمڕۆ یان خۆیان لە تاوانەكە گێل كردووەو یاخود پاساوی بۆ دەهێننەوە.

هەروەك فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوادەكات : حكومەتی عیراق و هەرێم لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا سكاڵا لەسەر توركیا تۆمار بكەن و لە كەناڵە دیپلۆماتیە جیاجیاكانەوە تاوانەكە ریسوا بكەن، هاوكات وەكو فشارێكی ئابوری كاری كۆمپانیا توركییەكان لە هەرێم و لە عیراق هەڵپسێرن، تاكو حكومەتی توركیا دەستبەرداری هەوڵە شەڕانگێزییەكانی دەبێت، هاوكات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوانەكە ئیدانە بكات و وەكو تاوانی جەنگ بیناسێنێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێكەوتووانی تاوانەكە بكرێتەوە.