سلێمانی .. نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان دیاری كرا

كاره‌بای سلێمانی نرخ و خشته‌ی كاركردنی  مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كانی ڕاگه‌یاندو  به‌و پێیه‌ش نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی شوبات بە 45 دیناردەبێت، بۆ مانگی ئازاریش موەلیدە ئەهلیەكان رۆژانە لەكاتژمێر 07:00 بۆ 08:00 بەیانی و 01:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ 01:00ی شەو كار دەكەن. 

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كاره‌بای‌ سلێمانی‌،  خشته‌ی‌ نوێی‌ دابه‌شكردنی‌ كاره‌بای‌ موه‌لیده‌ئه‌هلیه‌كان دیاریكراوه‌و، نرخی كارەبای مولیدە بۆ مانگی  شوبات بەگوێرەی نرخی گاوزایل لەبازاڕدا دیاریكراوه‌و بۆهه‌ر كاتژمێرێك ئەمپێر بە(45)دینار دانراوه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ی كاره‌بای سلێمانی  موەلیدەكان لەمانگی شوبات چەند كاتژمێر كاریان كردبێت ئه‌وه‌نده‌ كه‌ره‌تی‌ 45دینار دەكرێت و نرخی ئەمپێرێك دەردەچێت، جیاوازییش لەنێوان نرخەكان پەیوەندی بەكاركرنی موەلیدەكانەوە هەیە. 

خشتەی كاركردنی موەلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی ئازار بەجۆرێك ده‌بێت كه‌رۆژانە لە كاتژمێر 07:00 بۆ 08:00ی بەیانی كاردەكەن، هەروەها لە كاتژمێر (01:00ی پاشنیوەڕۆ تا 01:00ی شەو كار دەكەن و كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن، جگە لەو كاتانە كارەبا نادەن بەهاوڵاتیان.  ئه‌وه‌ش وتراوه‌ كه‌ رۆژانی هەینی بەیانیان موەلیدە ئەهلییەكان كارناكەن، لەبڕی بەیانیان كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەست بەپێدانی كارەبا دەكەن.