حكومەتی هەرێم كارگەكانی دەفرۆشێت

     
حكومەتی هەرێم لەڕێی وەزارەتی پیشەسازیی و پارێزگارەكانەوە كارگەكانی دەفرۆشێت، بڕیارە ژمارەیەك كارمەندیش بەگرێبەست دابمەزرێنێت بۆ ئەو سایلۆیانەی بەگەڕ نەخراون.

ئەمڕۆ 27ی شوبات ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی و  قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران كە هاوكات سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئابوورین بەئامادەبوونی وەزیرە‌ پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لەڕاوێژكاران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجامداوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە تایبەت بووە بە گەشەپێدانی كەرتەكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا، پەرەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵ و گەشتوگوزار دووپاتكراوەتەوەو تیشكخراوەتەسەر بواری پیشەسازی و چۆنیەتیی پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستن و ساخكردنەوەیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانداو زیادكردنی كارگەكانی كەرتی تایبەت.

هەر وەك راگەیەنراوەكە ئاماژەی پێداوە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە ئاسانكاری بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان كراوە كە ژمارەیان لە هەرێمی كوردستاندا گەیشتۆتە 24 هەزارو 800 كۆمپانیاو لەو ژمارەیەش ‌21 هەزارو 700 كۆمپانیایان ناوخۆین و سێ هەزارو 100 كۆمپانیاشیان بیانین، وەزیری بازرگانی و پیشەسازییش راسپێردراوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و دەزگا پەیوەندیدارەكان، ئاسانكاریی زیاتر لەمبارەیەوە بكەن كە خۆی لە كەمكردنەوەی رۆتین و رەسمی تۆماركردن و بەئەلكترۆنیكردنی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دەبینێتەوە، ئەوەش راگەیەنراوە كە لە مانگی 5ی 2017ەوە كۆمپانیاكان دەتوانن بە‌شێوەیەكی ئەلیكترۆنی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە خۆیان تۆمار بكەن.

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانی چەند روپێوێكی ئابووری لە بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی و گەشتوگوزار لە ساڵی 2017داو بڕیاریش دراوە بودجەی پێویست بۆ ‌ئەنجامدانی ئەو رووپێویانە‌ تەرخان بكرێت.  

راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە دەشڵێت: باس پاراستنی بەرهەمی كارگە خۆماڵییەكان كرا كە ئێستا ژمارەیەكی زۆریان لە كاركرندان بەزیادكردنی رەسمی گومرگی لەسەر كاڵای هاوەردەكراو و كەمكردنەوەی رەسمی گومرگی لەسەر كەرەستەی خاوی پیشەسازی. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەكالەت راسپێردراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر لەدانانی پلانێك بۆ پشتگیریكردنی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستنی بەرامبەر بە بەرهەمە هاوردەكراوەكان.

ئەوەشخراوەتەڕوو كە لەكۆبوونەوەكەدا باس لە دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ نوێكردنەوەو گەشەپێدان و دابینكردنی پێدوایستی بۆ سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كراوەو بڕیاریشدراوە بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە دابین بكرێت، دەستەڵاتیش دراوە بە وەزیری بازرگانی بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك كارمەند بە شێوەی گرێبەست بۆ ئەو سایلۆ نوێیانەی هێشتا بەگەڕ نەكەوتوون.

بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، باسكردن بووە لەبارودۆخی ئەو كارگانە بوو كە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیان 32 كارگەیە لە سەرتاسەری كوردستان و بەشێكی زۆریان لەكار كەوتوون، بەشێكیشیان لە كاركردن بەردەوامن. لەمبارەیەوە بڕیاردراوە دەسەڵات بدرێتە وەزارەتی پیشەسازی بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتنی ئەم كارگانە،‌ یان پەیداكردنی هاوبەش لە كەرتی تایبەت بۆ بەگەڕخستنەوەیان.
 

0.jpg