خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەشکران

ژنە هونەرمەندی ئەمریکی ئیما ستۆن وەک باشترین ئەکتەری ژن خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا کە رۆڵی لە فیلمی لا لا لاند بینیوە، دامیان چازیلی دەرهێنەری هەمان فیلیمیش ئەو خەڵاتەی بەدەستهێنا.

بۆ باشترین ئەکتەری پیاویش کیسی ئافلیک خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە کە رۆڵی لە فیلمی “مانچستەر بای زە سی” بینیوە.

 

ستۆنی تەمەن 28 ساڵ یەکەمجارە لە مێژووی کاری هونەری خۆیدا خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبهێنێت، دامیانیش تاکە دەرهێنەری گەنجە لە مێژووی ئەو خەڵاتەدا ئەو نازناوەی بەدەستهێنابێت کە تەمەنی 32 ساڵە.

ئافلیک لەو فیلمەدا رۆڵی کرێکارێکی بێ دەنگی بینیوە کە دەبوو چاودێری کوڕی براکەشی بکات و لەئەستۆی بگرێت، ئافلیک لە کێبڕکێی ئەو خەڵاتەدا توانی بردنەوە بەسەر دیزڵ واشنتن و رایان گۆسلینگ بهێنێت. 

بەرلەوەی ئافلیک خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبهێنێت، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنابوو بۆ باشترین ئەکتەری پیاو.

ئەو رۆڵەی ئافلیک گێڕای لەو فیلمەدا دەبوو مات دیمۆن بیگڕێت، بەڵام بەچەند هۆکارێکی تایبەت نەیانتوانی بەشداری بکەن، ئەو هونەرمەندە هاوڕێی منداڵی ئافلیکە.

ئافلیک لەمنداڵیدا وەک ئەستێرەی بەرنامەی منداڵان لە تیڤییەکان دەرکەوتووە، دواتر دەچێتە لۆس ئانجلۆس بۆ خوێندنی باڵا، دوای خوێندنەکەی لەکەرتی هونەری و فیلمدا کاردەکات و لەو ماوەیەشدا دەبێتە خوێندکاری زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک.

ئافلیکی تەمەن 41 ساڵ یەکەمجارە خەڵاتی ئۆسکار بەدەستدەهێنێت و برا بچووکی ئەکتەر و دەرهێنەر بن ئافلیکە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە مه‌راسیمی‌ دابه‌شكردنی‌ 89 هه‌مین خه‌ڵاته‌كانی‌ ئۆسكار له‌شاری‌ لۆس ئه‌نجلۆسی‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تێیدا خه‌ڵات به‌ باشترین فیلم و ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ران درا.