سەرەتای 2018 گازی سرووشتی رووسیا هەناردەی تورکیا دەکرێت

سەرۆکی رووسیا پرۆژەی تورکیش ستریمی واژۆکرد، کە بریتیە لە گواستنەوەی گازی رووسیا بۆ تورکیا، دواتریش بۆ ئەوروپا، بڕیارە ئەو پرۆژەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.



تورکیش ستریم ساڵانە توانای گواستنەوەی 16 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی هەیە. ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا پرۆژەکەی پەسەند کرد، بڕیاریشە لە ساڵی 2018ـەوە، گازی سرووشتی رووسیا، هەناردەی تورکیا بکات.



پرۆژەی تورکیش ستریم، پرۆژەیەکی ستراتیژیە لەنێوان رووسیا و تورکیا، لە کاتی سەردانێکی سەرۆکی رووسیا بۆ تورکیا لە ساڵی 2014 پێشەکشی تورکیا کرا و، بڕیارە لەژێر دەریاری رەشەوە ساڵانە 16 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بگوازێتەوە تورکیا.



پرۆژەی تورکیش ستریم، دوای چوار رۆژ لە پەسەندکردنی لە پەرلەمانی تورکیا و، واژۆکردنی لەلایەن رەجەب تەییب ئەردوغان، سەرۆکی تورکیاوە، لە رێککەوتی 6- 12-2016 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.



بڕیارە جگە لە دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا، گازی هەناردەکراو لەڕێی پرۆژەی تورکیش ستریمەوە هەناردەی ئەوروپاش بکرێت.



ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا، دوای پەسەندکردنی پرۆژەی تورکیش ستریم لەلایەن دۆماوە، رۆژی چوارشەممەی رابردووی پرۆژەکەی پەسەندکردبوو.



بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە پرۆژەی تورکیش ستریم لە دوو بۆڕی پێکدێت کە هەریەکیان توانای گواستنەوەی ساڵانە 16 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتیان هەیە.


بۆڕی یەکەم بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ تورکیا بەکاردێت و، بۆڕی دووەمیش بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا کەڵکی لێوەردەگیرێت.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
سەرچاوە:ڕووداو